لە پەرلەمانی عێراق 100 واژۆ بۆ وەرگرتنی تەواوی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پەرلەمانی عێراق واژۆی 100 پەرلەمانتار لە فراکسیۆنە جیاوازەکان کۆکرایەوە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق پابەند بکرێ تەواوی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی جووتیارانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق وەربگرێت.
 
رۆژی 5ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا، ئەم ساڵ هەر تۆنێک گەنمی جووتیارانی عێراق (نێو پلانی کشتوکاڵی) بە نرخی 700 هەزار دینار وەربگیرێت و گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی بە 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەربگیرێت، بێ ئەوەی بڕەکەی سنووردار بکرێت؛ بەڵام کاتێک گەیشتنە سەر بڕگەی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا تەنیا 400 هەزار تۆن گەنم وەربگیرێ (292 هەزار تۆن بە 700 هەزار دینار و 108 هەزار تۆن لە دەرەوەی پلان بە 500 هەزار دینار). ئەوەش لە کاتێکدایە، بەرپرسانی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکەن بەرهەم گەنمی ئەم ساڵ بگاتە نزیکەی دوو ملیۆن تۆن.
 
عەلی شێخ خاڵس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە یاداشتەکەی ئامادەکردووە و واژۆکانی کۆکردووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە 16ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و رێگریکردن لەو ستەمە، کۆتایی هەفتەی رابردوو یاداشتێکی بە واژۆی 100 پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکان ئامادە کردووە، تێیدا داوا کرا هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت."
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "رۆژی پێنجشەممە یاداشتەکەم رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کرد، بۆئەوەی لە نزیکترین کاتدا سەرۆکایەتیی پەرلەمان بیخاتە بەرنامەی کار و بڕیارێک پەسند بکرێ، رەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکرێ تاوەکو جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش لەو بڕیارە سوودمەند بن."
 
یاداشتەکە داوای کردووە، بڕیارێکی پەرلەمانی دەربچێت کە حکومەتی فیدراڵ پابەند بکات بە یەکسانکردنی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جووتیارانی دیکەی عێراق لە وەرگرتنی هەموو بەرهەمی گەنمەکەیان، چ ئەوانەی لەناو پلانی کشتوکاڵیدان و چ ئەوانەش کە لە دەرەوەی پلانەکەن. 
 
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، بەگوێرەی ماددەی 14ی دەستووری عێراق، دەبێت یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ هەمووان هەبێت و جووتیاران کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئاسایشی خۆراکن، بۆیە سنووردارکردنی بڕی وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوور و پرەنسیپەکانی دادپەروەرییە.