وەزیری وزەی ئەمریکا: تەنگەی هورمز تاوەکو هاوین دەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری وزەی ئەمریکا دەڵێ، پێشبینی دەکەن تەنگەی هورمز تاوەکو هاوین بکرێتەوە. هۆشدارییش دەدات، ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە "بەبارمتەگرتن"ی ئابووریی جیهان، سوپای ئەمریکا بە هێز رێڕۆ ئاوییەکە دەکاتەوە.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (CNBC)ی وڵاتەکەی، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا گوتی، "جووڵەی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمزەوە بە زووترین کات دەستپێدەکاتەوە و ئەوپەڕی تاوەکو هاوینی ئەم ساڵ دەبێت." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنێک بکرێت.
 
وەزیری وزەی ئەمریکا گوتیشی، "ئێمە هەنگاوی سەرەتاییمان بۆ کردنەوەی تەنگەکە ناوە، بەڵام باشتر وایە لە رێگەی رێککەوتنەوە بێت نەک بەکارهێنانی هێزی سەربازی." سەبارەت بەوەی کێ لە تاران بڕیاردەرە، رایت ئاماژەی بە گوتەی بەرپرسانی سەربازیی وڵاتەکەی و بەشێک لە بەرپرسانی ئێران کرد، کە دەڵێن، موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندارە.
 
لەبارەی نرخی سووتەمەنییەوە رایت رایگەیاند، نایەوێ لەم قۆناخەی دانوستاندندا پێشبینی بکات؛ بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گوشاری ئابووری دەخاتە سەر ئێران.
 
تەنگەی هورمز یەکێکە لە سەرەکیترین رێڕۆ ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە. جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە کۆتایی شوباتی 2026 دەستیپێکرد و بووە هۆی ئەوەی تاران تەنگەکە دابخات.