بڕیاردان لەسەر پرسی مووچە لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە کەوتە هەفتەی داهاتوو
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دادگەی فیدراڵی لەم هەفتەیەدا هیچ دانیشتنێک بۆ بڕیاردان لەسەر داواکاری بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات و دانیشتنەکە دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرچاوەیەکی نێو دادگەی فیدراڵییەوە دەستی کەوتوون، بەهۆی نەگەڕانەوەی یەکێک لە دادوەرەکان و وەرگرتنی مۆڵەت لەلایەن دوو دادوەری دیکەی سەرەکیی دادگەکەوە، دانیشتنەکە دواکەوتووە.
رووداو زانیویەتی، تاوەکو ئەو دادوەرەی سعودیە نەگەڕێتەوە، ناتوانن داوا لە دادوەرە مۆڵەتپێدراوەکان بکەن کە پێش تەواوبوونی وادەی مۆڵەتەکانیان بگەڕێنەوە بۆ دەوام.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، بە ئەگەری زۆرەوە دانیشتنەکە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەکرێت.
رۆژی 28-05-2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو کە وەزارەت ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێ، بەهۆی "تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە."
سکاڵاکەش لە دادگەی فیدراڵی لەسەر بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق لەلایەن چەند فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستانەوە تۆمار کراوە.