ئەمریکا سوودی بانکی 0.25٪ کەمکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سوودی بانکیان لە 4.5٪ـەوە کردە 4.25٪ و ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخی زێر و بازاڕە داراییەکان دروستکردووە.
رۆژی چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا 25 خاڵی لە سوودی بانکی وڵاتەکەی کەمکردەوە و رایگەیاند، "ئاماژەکانی ئەمدواییە دەریدەخەن لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ، گەشەی چالاکییە ئابورییەکان کەمێک خاو بووەتەوە و ئەگەر مەترسی دروست ببێت و پێویست بکات، ئامادەین سیاسەتی نەختینەیی بگۆڕین."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆی 12 ئەندامەکەی لیژنەی بازاڕی کراوەی ئەمریکا 11یان لەگەڵ بڕیاری کەمکردنەوەی سوودی بانکی بوون. ستیفن میران، کە ئەندامێکی نوێی لیژنەکە و راوێژکاری ئابووریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە لە دژی بڕیارەکە دەنگی دا. ئەو داوای کەمکردنەوەی زیاتر لە 50 خاڵی سوودی بانکی دەکرد.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا چەند جارێک رایگەیاندووە، بۆ دابەزاندنی رێژەی هەڵاوسان، رێژەی سوودی بانکی بەرزتر دەهێڵنەوە لەو ئاستەی کە لە توانایاندایە.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا پێشبینیەکانی خۆی بۆ ئاستی گەشەی ئابووری وڵاتەکەی بڵاوکردەوە، پێشبینی کرد گەشەی ئابوورییان 1.6٪ بێت، لەکاتێکدا حوزەیرانی ئەم ساڵ پێشبینیان دەکرد 1.4٪ بێت.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، دەستکەوتنی هەلی کار کەمبووەتەوە و ئەگەر پێویست بکات دەتوانن سیاسەتی نەختینە بگۆڕن.
لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە سەرۆکی ئەمریکا داوای کەمکردنەوەی زۆری رێژەی سوودی بانکی کردووە و چەند جارێک لەسەر ئەو پرسە رەخنەی لە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی گەنجینەی فیدراڵی ئەمریکا گرتووە.
دوای راگەیاندنی بڕیارەکە پاوڵ رایگەیاند، پابەندن بە کارکردن بۆ مانەوەی دامەزراوەکەیان بە سەربەخۆیی. گوتیشی، رێژەی سوودی بانکی لە داهاتووشدا لە سەرووی 3.6٪ دەبێت.
بە گوێرەی ماڵپەڕی گۆڵد پرایس، لە دوای راگەیاندنی بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە 3698 دۆلاری ئەمریکییەوە بۆ 3668 دۆلار دابەزی.