دوای هەولێر لە سلێمانیش نرخی بەنزین بەرزبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی لە هەولێر نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی کوالێتیی بەرز 40 دینار بەرزبووەوە، لە سلێمانیش 50 دینار بەرزبووەوە.

ئەمڕۆ هەینی کارمەندی بەنزینخانەیەک لە شاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی لیترێک بەنزین نۆرماڵ بووە بە 950 دینار".
 
لە چەند مانگی رابردوودا تاوەکو دوێنی، نرخی ئەو بەنزینە لە سلێمانی لیتری بە 900 دینار بوو.
 
دوێنێ بەنزینی نۆرماڵ نرخەکەی لە هەولێر بەرزبووەوە. جەنگی مەجید، خاوەنی بەنزینخانە و بازرگانی سووتەمەنی لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی لیترێک بەنزینی کوالێتیی بەرزی نۆرماڵی کۆمپانیای کار، لە نێوان 935 بۆ 940 دینارە".
 
ئەو بەنزینەی لە هەولێر نرخی لیترێکی گەیشتووە بە 940 دینار پێشتر بە 900 دینار بوو.
 
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکەوە جەنگی مەجید گوتی: "ئەو پشكەی بۆ بەنزینی نێوخۆ دیاریکراوە دوای هەناردەکردنەوەی نەوت کەمە و ئەگەر زیاد بکرێت نرخ دادەبەزێت".
 
جگە لە بەنزینی نۆرماڵ، لە هەرێمی کوردستان بەنزینی موحەسەن و سوپەریش هەن و لیتریان لەنێوان هەزار و 50 دینار بۆ هەزار و 400 دینارە. هەروەها لە بەشێکی شارەکان بەنزینی حکومی لیتری بە 750 دینارە، بەڵام بۆ وەرگرتنی نۆرەگرتن پێویستە.