نرخی زیو گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو و 66 دۆلاری تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زیو نزیکەی دۆلارێک بەرزبووەوە و گەیشتە 66.24 دۆلار. کیلۆیەک زیویش بە 2,129 دۆلارە.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زیوە لە مێژوودا تۆمارکرابێت. لە سەرەتای ئەم ساڵیشەوە تاوەکو ئێستا، نرخەکەی 128٪ بەرزبووەتەوە.
بازاڕەکانی جیهان خۆیان پێشبینیی بەردەوامبوونی کورتهێنان لە خستنەڕووی زیو لە ساڵی 2026 دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە خواست لەسەر "کانزا سپییەکە" بەشێوەیەکی بەرچاو زیادبووە.
مانگی رابردوو حکومەتی ئەمریكا زیوی وەک "کانزایەکی هەستیار و ستراتیژی" ناساند، کە ئەمەش سەرنجی وەبەرهێنەرانی زیاتر بۆ بازاڕەکە راکێشاوە و وایکردووە وەک دەرفەتێکی گرنگی وەبەرهێنان سەیر بکرێت.
هاوکات بازرگانان وەک "پەناگەیەکی ئارام" روویان لە کڕینی زیو کردووە، بەو پێیەی سەقامگیرییەکەی هاوشێوەی زێڕە، بەڵام تێچووی کڕینی زۆر کەمترە.
ئێوارەی دوێنێ سێشەممەش، حکومەتی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا کەرتی تایبەتی وڵاتەکە 64 هەزار هەلی کاری نوێی رەخساندووە، بەڵام بێکاری بۆ 6.4٪ زیادبووە کە بەرزترین ئاستی چوار ساڵی رابردووە. ئەمە نرخی زیوی زیاتر بەرزکردەوە.
ئێستا سەرنجی بازاڕەکان لەسەر داتاکانی هەڵاوسانە کە بڕیارە کاژێر 16:30ـی سبەی پێنجشەممە بە کاتی هەولێر بڵاوبکرێنەوە.