ئیکۆ عێراق: کورتهێنانی بودجە 24 تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە

 
رووداو دیجیتاڵ

روانگەی "ئیکۆ عێراق" ئاشکرای دەکات، کورتهێنانی دارایی عێراق تاوەکو مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2025 گەیشتووەتە زیاتر لە 24 تریلیۆن دینار، سێ چارەکی داهاتی وڵاتیش بۆ مووچە دەڕوات. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، "حکومەت ناچارە دەست بە خەرجییەوە بگرێت."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 18-01-2026 روانگەی "ئیکۆ عێراق" بۆ کاروباری ئابووری لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و زیادبوونی خەرجییە گشتییەکان، قەبارەی کورتهێنانی دارایی لە عێراقدا رووی لە هەڵکشان کردووە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، بڕی کورتهێنان گەیشتووەتە 24 تریلیۆن و 680 ملیار دینار.
 
بەپێی داتاکانی "ئیکۆ عێراق،" هاوکێشەی داهات و خەرجییەکانی عێراق بەم شێوەیە بووە:
 
کۆی خەرجییەکان: 128.2 تریلیۆن دینار.
 
خەرجییە بەردەوامەکان (مووچە و خزمەتگوزاری): 96.3 تریلیۆن دینار (ئەمەش دەکاتە نزیکەی 75%ی کۆی خەرجییەکان).
 
کۆی داهات: 103.5 تریلیۆن دینار.
 
داهاتی نەوت: 93.2 تریلیۆن دینار.
 
داهاتی نانەوتی: 10.3 تریلیۆن دینار.
 
روانگەکە هۆشداری دەدات لەوەی پشتبەستنی تەواوەتی بە داهاتی نەوت "مەترسیی دارایی" دروستکردووە، بەتایبەت کە داهاتی نانەوتی (باج، رسومات و گومرگ) هێشتا لە ئاستێکی نزمدایە. بۆ چارەسەرکردنیش پێشنیاز دەکات سیستمی باج و گومرگ رێکبخرێتەوە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیکەی 90%ی داهاتی عێراق لە فرۆشی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، داهات بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و ئێستا خەرجی لە داهات زیاترە، ئەوەش کورتهێنانی گەورەی دروستکردووە."
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمان کە لە دوو خولی رابردوودا ئەندامی لیژنەی دارایی بووە، جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە حکومەت داهاتی نانەوتی زیاد بکات و چاکسازیی گەورە بکات تاوەکو بتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بکات.
 
سەبارەت بە بڕیارەکانی ئەم دواییەی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان، جەمال کۆچەر گوتی، "حکومەتی عێراق ناچارە ئەو کارە بکات و لە داهاتوودا رێکار و بڕیاری دیکەش دەدات بۆ دەستپێوەگرتنی دارایی."