بازاڕی نه‌وت و مه‌ترسییه‌كانی جیۆپۆلیتیك و جیۆئیكۆنۆمیك
پاش ساڵانێكی زۆر كه رێكخراوی وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت (ئۆپێك) توانیبووی هاوسه‌نگیی بازاڕ له نێوان سێگۆشه‌ی داواكاری، هه‌نارده‌كردن و نرخی گونجاو بۆ وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت رابگرێت و رۆڵی خۆی و به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی ئه‌ندام له‌و رێكخراوه مسۆگه‌ر بكات، ماوه‌یه‌كه رۆڵ و پێگه‌ی ئه‌و رێكخراوه لاواز بووه و فاكته‌ری دیكه ئاراسته‌ی بازاڕی نه‌وت دیاری ده‌كه‌ن. له پاش قه‌یرانی بازاڕی نه‌وت له ساڵی 2014 و دواتر به ده‌ستبه‌كاربوونی دۆناڵد تره‌مپ وه‌كوو سه‌رۆكی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كه به‌رده‌وام هێرشی كردووه‌ته سه‌ر رۆڵی ئۆپێك و به‌تایبه‌ت به به‌هێزتربوونی فاكته‌ره‌كانی جیۆپۆلیتیك و جیۆئیكۆنۆمیك له 2019 وه، گۆڕانكارییه‌كی زۆر خێرا له ئاراسته‌ی بازاڕی نه‌وت و هێزه كاریگه‌ره‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بازاڕه هاتووه‌ته ئاراوه.
ئێستا ئه‌مریكا به پشتبه‌ستن به نه‌وتی شێڵ و، رووسیاش پاش جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی گه‌شه‌ی نه‌وتی خۆی، به‌رهه‌مهێنه‌ری یه‌كه‌م و دووه‌می نه‌وتی جیهانن، كه‌نه‌دا زیاتر له پێنج ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌مدێنێ و چینیش توانای به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خۆی بۆ زیاتر له چوار ملیۆن به‌رمیل به‌رز كردووه‌ته‌وه. له به‌رامبه‌ردا دابه‌زینی به‌رده‌وامی قه‌باره‌ی نه‌وتی ئۆپێك به مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخ یان پێش‌گرتن له دابه‌زینی زیاتری نرخی نه‌وت كه له مانگی تشرینی دووه‌می 2016وه ده‌ستیپێكردووه، پێگه و پشكی ئۆپێكی له بازاڕ بۆ نزمترین ئاست له مێژووی ئه‌و رێكخراوه‌دا دابه‌زاندووه. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وانه، دابه‌زینی رێژه‌ی گه‌شه‌ی ئابووریی جیهان و دابه‌زینی داواكاری بۆ نه‌وتی ئۆپێك، پێگه‌ی ئۆپێكی لاوازتر كردووه و ئێستاش به‌رزبوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری جه‌نگ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و مه‌ترسییه‌كانی وه‌كوو ڤایرۆسی كۆرۆنا زه‌نگی مردن بۆ ئۆپێك و سیسته‌می پێشووی باڵانسی بازاڕی جیهانیی نه‌وت لێده‌ده‌ن. له‌وانه‌یه ئه‌و رووداوانه سه‌ره‌تایه‌ك بن بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه یان دامه‌زراندنی ركابه‌رێكی به‌هێز بۆ په‌كخستنی كاریگه‌ریی ئۆپێك له داهاتووی بازاڕی جیهانیی وزه‌دا.
ئێستا بازاڕی نه‌وت به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی بازاڕ، له حاڵه‌تی پاشه‌كشه‌دایه و نرخی كڕینی خێرا (سپۆت) له نرخی كڕینی داهاتوو زیاتره. ئه‌وه‌ش ئالارمێكی هۆشیاركردنه‌وه‌یه بۆ شاره‌زایانی ناو بازاڕ. لاوازبوونی فاكته‌ره‌كانی باڵانسی بازاڕ بۆ سه‌ر نرخی نه‌وت، واده‌كات رووداوه سیاسی، ئه‌منی و ئابوورییه‌كان كاریگه‌ریی به‌هێزتریان له‌سه‌ر نرخی نه‌وت هه‌بێت و پاشه‌كشه‌ی زیاتر به بازاڕ بكه‌ن. وه‌كوو نموونه هێرشێكی سنووردار بۆ سه‌ر كێڵگه و عه‌مباره‌كانی ئارامكۆی سعودیه له 14ی سێپته‌مبه‌ری 2019، نرخی نه‌وتی به‌ڕێژه‌ی 20% به‌رزكرده‌وه، یان هێرشی فڕۆكه‌یه‌كی ئه‌مریكی بۆ سه‌ر قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی سوپای قودسی ئێران و هه‌ڤاڵانی له به‌غدا له سه‌ره‌تای ساڵی 2020، توانی نرخی نه‌وت ته‌نیا له ماوه‌ی یه‌ك رۆژدا زیاتر له 4.5% به‌رزبكاته‌وه. یان به پێچه‌وانه‌وه سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له ماوه‌ی پازده رۆژدا نرخی نه‌وت 18% داده‌به‌زێنێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و به‌رز و نزمبوونه‌وه خێرایانه‌ی نرخی نه‌وت له‌كاتێكدایه ئۆپێك ئێستاش كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ساڵانه و نائاسایی خۆی هه‌ر هه‌یه و به‌هاوكاریی به‌شێك له وڵاتانی هه‌نارده‌كاری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و رێكخراوه (ئۆپێك پڵه‌س) هه‌وڵ ده‌دات بازاڕ كۆنترۆڵ بكات! به‌ڵام ئۆپێك ئێستا له رێكخراوێكی دانه‌ری ستراتیجی و ئاراسته‌كه‌ری بازاڕه‌وه، گۆڕاوه بۆ به‌رگریكارێك له هێرشی فاكته‌ره‌كانی دیكه. بۆیه پێده‌چێت ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ گۆڕان له شێوازی كۆنترۆڵكردنی بازاڕی نه‌وت وه‌ك گرینگ‌ترین سه‌رچاوه‌ی وزه له ساڵی 2020 و پاش ئه‌و، ئه‌و بازاڕه زیاتر بكه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی فاكته‌ره‌كانی دیكه، به‌تایبه‌ت جیۆپۆلیتیك و جیۆئیكۆنۆمیك.
فاكته‌ره كاریگه‌ره‌كان بۆ سه‌ر بازاڕی نه‌وت له 2020
به‌پێی ئه‌وه‌ی فاكته‌ره‌كانی جیۆپۆلیتیك له ئامانجه ستراتیجییه گه‌وره‌كان وه‌رده‌گیرێن، پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به ئامانجه ستراتیجییه‌كانی ئه‌مریكا، وه‌ك به‌هێزترین وڵاتی ئابووری و سه‌ربازیی جیهان، ده‌توانێت ئه‌و فاكته‌ر و هه‌ڕه‌شانه زیاتر روون بكاته‌وه.
له سه‌ده‌ی نوێ‌دا و پاش به‌هێزتربوونی رووسیا و چین و هه‌روه‌ها چاره‌سه‌رنه‌بوونی كێشه‌ی ئه‌مریكا و ئێران، ده‌توانین بڵێین ئامانجه ستراتیجییه سه‌ره‌كی و گرینگه‌كانی ئه‌مریكا بریتین له:
- كۆنترۆڵی رووسیا و چین له بواری سه‌ربازی و ئابووری
- كۆنترۆڵی بازاڕی سه‌رمایه
- كۆنترۆڵی رێگای گواستنه‌وه و بازرگانیی نه‌وت
به‌شێك له هۆكاری ئه‌و ئامانجه ستراتیجیانه بۆ پلان و هه‌وڵه‌كانی رووسیا و چین له په‌ره‌پێدان به ده‌سه‌ڵاتی ئابووری و كاریگه‌ریی خۆیان له‌سه‌ر بازاڕی وزه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئێستا چین پلانی هه‌یه تا 400 ملیارد دۆلار وه‌به‌رهێنان له كه‌رتی نه‌وتی ئێران‌دا بكات. له‌كاتێكدا به ده‌رچوونی كۆمپانیا رۆژئاواییه‌كان له كه‌رتی نه‌وتی عێراق، كۆمپانیا چینییه‌كان پێگه‌ی خۆیان له به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی عێراقدا به‌هێز ده‌كه‌ن. رێككه‌وتنی ئابووریی عێراق - چین له كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی عه‌بدولمه‌هدیش كاریگه‌ریی چین له‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وت و وزه‌ی عێراق به‌هێزتر ده‌كات. ئه‌وه سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی چین بۆ كۆنترۆڵی ده‌ریای هیند و گه‌رووه ئاوییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه و وڵاتانی دیكه‌ی نه‌وتی.
رووسیا پشكی سه‌ره‌كی له بازاڕی گازی سروشتیی ئه‌وروپا و دابینكردنی وزه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دا هه‌یه و ده‌توانێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر داهاتووی په‌یوه‌ندی ئه‌وروپا - ئه‌مریكا هه‌بێت. هه‌روه‌ها، رۆژ له دوای رۆژ په‌ره به ده‌سه‌ڵاتی خۆی له سووریا، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقا ده‌دات.
واتا پێگه‌ی ستراتیجیی ئه‌مریكا له داهاتووی جیهاندا ده‌كه‌وێته ژێر مه‌ترسی جیدی و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و مه‌ترسیه پێویستی به هه‌نگاو و پلانی خێرا هه‌یه.
لاچوونی مه‌ترسی ستاندنه‌وه‌ی متمانه له‌سه‌ر دۆناڵد تره‌مپ، به دڵنیاییه‌وه ئه‌و بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو به‌هێزتر ده‌كات و دوودڵیی ئه‌و له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قه‌یرانه سیاسی و ئابوورییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئامانج ناهێڵێ. لێره به‌دواوه چین، رووسیا، ئێران و تاڕاده‌یه‌ك ئه‌وروپا زیاتر له جاران ده‌كه‌ونه ژێر گوشاری سیاسی و ئابووریی ئه‌مریكاوه و ئه‌وه‌ش واتا به‌هێزتربوونی مه‌ترسییه‌كانی جیۆپۆلیتیك یان جیۆئیكۆنۆمیك بۆ سه‌ر بازاڕی نه‌وت. چونكه قووڵتربوونی ئه‌و ململانێیه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌بێته هۆی جه‌نگێكی كورتخایه‌ن یان سنووردار له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌توانێت ببێته هۆی خاوبوونه‌وه‌ی گه‌شه‌ی ئابووریی جیهان یان لاوازبوونی سه‌قامگیری و سه‌رهه‌ڵدانی كێشه بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وت كه هه‌ردووكیان كاریگه‌ریی نێگه‌تیڤیان له‌سه‌ر بازاڕه‌كانی نه‌وت ده‌بێت. شانسی لاچوونی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ش له‌م كاته‌دا لاوازه و رووداوه‌كان به پێچه‌وانه‌وه ده‌ڕۆن.
ئه‌گه‌ر له ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ململانێیه‌ی نێوان وڵاتانی زلهێز، نه‌وت بگاته سه‌رووی 100 دۆلار بۆ هه‌ر به‌میلێك، ده‌بێت بۆ چه‌ندین ساڵ ماڵاوایی له گه‌شه‌ی ئابووریی جیهان بكرێت. ئه‌وه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگێكی گه‌وره و رووخانی به‌شێك له جیهان به‌هێز ده‌كات. واتا داڕمانێك له ئابووریی جیهان رووده‌دات و سه‌رمایه‌ی جیهان له جیاتی ئه‌وه‌ی بۆ دانانی ژێرخانه‌كانی ئابووری و پیشه‌سازی خه‌رج بكرێت، روو له عه‌قارات، ئاڵتوون و كاڵای هاوشێوه ده‌كات و له ده‌رئه‌نجامدا پێشبینی بۆ گه‌شه‌ی ئابووریی جیهان له درێژخایه‌ندا هێنده‌ی تریش لاواز ده‌بێت.
ئه‌گه‌ره‌كانی جیۆپۆلیتیك و جیۆئیكۆنۆمیك بۆ ساڵی 2020
له ئه‌گه‌ری په‌ره‌نه‌سه‌ندنی ململانێكان و به‌پێی ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرێت دۆلاری ئه‌مریكا وه‌ك دراوی سه‌ره‌كی بۆ دیاریكردنی نرخی نه‌وت هه‌روا به‌هێز بمێنێته‌وه و وڵاتانی ئۆپێك پڵه‌س به‌رده‌وام بن له نزم راگرتنی رێژه‌ی هه‌نارده‌كردن، پێده‌چێت نرخی نه‌وت له نێوان 60 بۆ 75 دۆلار به‌رز و نزمی بكات، به‌ڵام ئه‌و ئه‌گه‌ره زۆر لاوازه و مه‌ترسی كاریگه‌ریی فاكته‌ره‌كانی دیكه زۆر به‌هێزن.
پێشبینی ده‌كرێت ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنێكی به‌په‌له نه‌كرێ، به هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی تره‌مپ به سه‌رۆكی ئه‌مریكا، ململانێی نێوان ئه‌و وڵاته و ئێران قووڵتر ببێته‌وه و ئه‌وه كێشه‌یه‌كی گه‌وره ده‌بێت بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، لانیكه‌م بۆ ماوه‌یه‌ك. له ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی سنوورداریشدا پێشبینی ده‌كرێت نه‌وت بۆ 80 تا 90 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك به‌رز ببێته‌وه و ئه‌گه‌ر جه‌نگ بۆ ماوه‌یه‌كی كورت رووبدات، نرخ بگاته سه‌ره‌وه‌ی 100 یان ته‌نانه‌ت 120 دۆلاریش. سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگێكی درێژخایه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له دژی عێراق روویدا، نه‌ختێك دووره چونكه ئابووریی جیهان تووشی داڕمانێكی جیدی ده‌كات.
ئه‌گه‌ری ململانێی ئابووری له نێوان ئه‌مریكا و چین
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ململانێی ئابووریی نێوان ئه‌مریكا و چین به‌رده‌وام بێت، له‌وانه‌یه نه‌وت بۆ ژێر 60 دۆلار دا‌به‌زێت و ئه‌گه‌ر ململانێكه رووسیا و وڵاتانی ئه‌وروپیش بگرێته‌وه، ده‌توانین بڵێین ده‌گاته كه‌متر له 50 دۆلاریش.
واتا، هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامیی بارودۆخی ئێستا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ری به‌هێزتر، كاریگه‌ری فاكته‌ره‌كانی جیۆپۆلیتیك و جیۆئیكۆنۆمیكه له‌سه‌ر بازاڕی نه‌وتی جیهان و ئه‌وه‌ش ده‌توانێت متمانه به بازاڕی نه‌وت زیاتر دابه‌زێنێ و قه‌یرانی ئابووری و سیاسی له وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت قووڵتر بكاته‌وه و له ده‌رئه‌نجامدا، بێته كۆتایی رێكخراوی ئۆپێك.