وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان رەتیدەکاتەوە لەگەڵ سۆمۆ رێككەوتبێت

رووداو-هەولێر

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە لەگەڵ کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) گەیشتبنە رێککەوتن.

پاش ئەوەی هەندێ لە میدیاكان رایانگەیاند، کە هەرێمی كوردستان رازی بووە لە رێی كۆمپانیای سۆمۆ نەوتی خۆی هەناردە بكات و لە دوو رۆژی داهاتووشدا بە فەرمی رادەگەیەنرێت، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان تایبەت بە رووداوی راگەیاند،" زۆربەی وتووێژەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی بودجەی فیدراڵی بووەو وتووێژەكان بەردەوامن."

ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاند،" تائێستا هیچ رێككەوتنێك لەسەر هەناردنی نەوت و فرۆشتنی نەوت نەكراوە، كە پرسێكی جیاوازە."

سەرچاوەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان هەروەها رایگەیاند، "حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە لە رێی دیالۆگ پرسی هەناردەكردنی نەوت بەپێی مافەكانی لە دەستووری عێراق چارەسەربكات."

سەرەرای چەندین كۆبوونەوەی شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق، ناكۆكییەكان لەسەر پرسی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و بودجەی 2014ـی عێراق هێشتا چارەسەر نەكراوە.