رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، نرخی نەوتی زیاتر لە 2 دۆلار دابەزاند

رووداو دیجیتاڵ
 
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی نزیکەی 2 دۆلار دابەزاند.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ 2 دۆلار و 70 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 100 دۆلار و 86 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 4 دۆلار دابەزی و بە 93 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق رێککەوتوون ئەمڕۆ کاژێر 10:00ی بەیانی دەست بە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆری کوردستان-جەیهانەوە بکەن، ئەوەش نرخەکانی نەوتی دابەزاندووە.
 
سەرەڕای ئەوە بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە هێشتا نرخەکانی نەوت لە ئاستێکی بەرزدا مامەڵەیان پێوەدەکرێت.
 
بڕیارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو رۆژدا بەرزبێتەوە بۆ نزیکە 250 هەزار بەرمیل.
 
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هەرچەندە هێشتا عێراق زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل لە هەناردەکردنی نەوتی لەدەستداوە، بەڵام هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆرییەوە کاریگەری لەسەر دابەزاندنی نرخەکانی نەوت داناوە".