ئەمریکا رێگەدان بە فرۆشتنی نەوتی رووسیا بۆ مانگێکی دیکە درێژ دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای ئەوەی پێشتر رایگەیاندبوو پلانی لەو جۆرەی نییە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ بڕیارێکی نوێی دەرکرد و مۆڵەتی کڕینی نەوتی سزادراوی رووسیای بۆ مانگێک درێژکردەوە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهان.
 
رۆژی هەینی، 17ـی نیسانی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتێکی نوێی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاوکردەوە کە رێگە بە وڵاتان دەدات ئەو نەوتە رووسییەی بارکراوە بیکڕن. ئەم مۆڵەتە تاوەکو 16ـی ئایاری داهاتوو بەردەوام دەبێت.
 
ئەم بڕیارەی وەزارەتی گەنجینە تەنیا دوو رۆژ دوای ئەوە هات کە واشنتن رایگەیاندبوو هیچ پلانێکی نییە بۆ نوێکردنەوەی ئەو بەخشین و مۆڵەتانە. رۆژی چوارشەممە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتی، واشنتن مۆڵەتی کڕینی نەوتی رووسیا و ئێرانیش نوێ ناکاتەوە.
 
بڕیارە نوێیەکە تەنیا بۆ نەوتی رووسیایە و مامەڵە نەوتییەکانی ئێران، کوبا و کۆریای باکوور ناگرێتەوە.
 
ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ لە کاتێکدایە، نرخی وزە لە بازاڕەکاندا بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بەرزبووەتەوە.
 
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە مۆڵەتەکەی مانگی رابردوو بۆ ئێران، رێگەی داوە 140 ملیۆن بەرمیل نەوت بگاتە بازاڕەکان و کەمێک گوشاری سەر دابینکردنی وزە کەم بکاتەوە.
 
ئەم بڕیارەی ئیدارەی ترەمپ رووبەڕووی رەخنەی تووندی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات لە کۆنگرێس بووەوە. یاسادانەران پێیان وایە ئەم جۆرە بەخشین و مۆڵەتانە دەبنەهۆی بەهێزکردنی ئابووری رووسیا و ئێران، لە کاتێکدا ئەو دوو وڵاتە لە جەنگدان.
 
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، رەنگە ئەم بڕیارە واشنتن و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی رووبەڕووی لێکترازان بکاتەوە. ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا پێشتر گوتبووی کە ئێستا کاتی ئەوە نییە سزاکانی سەر رووسیا سووک بکرێن.