وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رووداو: لە چەند رۆژی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، دوای کردنەوەی تەنگەی هورمز، لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکان و کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە پەیوەندیدان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەموو کێڵگەکانی نەوت بۆ ئەو مەبەستە ئامادەن."
رۆژی شەممە، 18ی نیسانی 2026، ساحب بەزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پەیوەندیمان بە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کۆمپانیا گەورەکانەوە کردووە بە مەبەستی واژۆکردنی گرێبەست. دەرگا کراوەیە و لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکەینەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوت دەڵێت: "سەرجەم کێڵگەکانی نەوت لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق پلانی هەیە بایەخی تەواو بە دەروازە و رێڕەوەکانی دیکەی هەناردەکردن بدات بۆ ئەوەی نەوتی رەش لە رێگەیانەوە هەناردە بکەن.
ساحب بەزوون تیشکی خستە سەر گرنگیی خێراکردن لە دەستپێکردنەوەی هەناردە و گوتی: "چەندە پەلە بکەین لە هەناردەکردنەوە بۆ وڵات باشترە، چونکە ئەوە دەبێتەهۆی کۆکردنەوەی داهاتی زۆر بۆ دەوڵەت."
بەگوتەی ساحب بەزوون، ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ داهاتی دارایی نییە، بەڵکو کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دەبێت، چونکە "یارمەتیدەر دەبێت لە پڕکردنەوەی پێداویستیی بازاڕی ناوخۆ بۆ گازی شل بۆ ماڵان و گازی سرووشتی کە بۆ بەردەوامبوونی کارکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا زۆر پێویستە."
هەناردەکردنی نەوتی باشووری عێراق، کەرکووک و کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری 2026دا 18.6 ملیۆن بەرمیل نەوت بوو، لەکاتێکدا مانگی شوباتی 2026 زیاتر لە 99.8 ملیۆن بەرمیل بووە.
تەنگەی هورمز رێڕەوی سەرەکیی هەناردەی نەوتی عێراقە بۆ بازاڕەکانی جیهان و نزیکەی 90٪ی نەوتی عێراق لە رێگەی ئەو تەنگەیەوە هەناردە دەکرێ.