ئەمریکا کەشتییەکی لە دەریای عومان ئازاد کرد کە نەوتی عێراقی بارکردبوو
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی داتاکانی دامەزراوەی (LSEG) بۆ چاودێری کەشتیوانی، نەوتهەڵگری زەبەلاحی (Agios Fanourios 1) کە باری نەوتی خاوی عێراقی هەڵگرتووە، دوای 5 رۆژ لە راگرتنی لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە، ئازاد کرا و بەرەو ڤێتنام بەڕێکەوت.
وردەکاریی گەشتەکە
ئەم کەشتییە کە ئاڵای (ماڵتا)ی لەسەربوو، لە 10ی ئایاردا لە تەنگەی هورمزەوە دەرچووە، بەڵام لە 11ی ئایاردا و لە کاتی تێپەڕبوونی بە دەریای عوماندا، لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە راگیرا و ئاراستەکەی گۆڕدرا. دوای 5 رۆژ لە لێکۆڵینەوە، لە 16ی ئایاردا رێگەی پێدرا گەشتەکەی دەستپێبکاتەوە و چاوەڕوان دەکرێ لە 30ی ئایار بگاتە پاڵاوگەی (نگی سۆن) لە ڤێتنام.
هۆکاری دەستبەسەرکردنەکە
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاندووە، راگرتنی ئەم کەشتییە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی واشنتن بووە بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران. ئەمریکا گومانی هەبووە کە بارەکەی پەیوەندی بە بازرگانییە نایاساییەکانی تارانەوە هەبێ.
ئەمریکا لە رێگەی فەرماندەیی سێنتکۆمەوە، چاودێرییەکی تووندی هاتوچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز و دەریای عومان دەکات، ئەمەش بۆ رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی ئێران بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی بە نایاسایی.
یەکێک لە رێگەکانی ئێران بۆ دەربازبوون لە سزاکان، گۆڕینی بەڵگەنامەی نەوتەکەیەتی بۆ نەوتی عێراقی یان وڵاتانی دیکە. هەر بۆیە هێزی دەریایی ئەمریکا زۆرجار نەوتهەڵگرەکان رادەگرێ تاوەکو لە راستی و دروستیی سەرچاوەی نەوتەکە دڵنیا ببێتەوە.
نگی سۆن، گەورەترین پاڵاوگەی بنکەی پاڵاوتنی نەوتە لە ڤێتنام و پشت بە نەوتی خاوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبەستێت. هەر جۆر دواکەوتنێک لە گەیشتنی بارە نەوتەکان، کار دەکاتە سەر ئاسایشی وزە لەو وڵاتەدا.