بانکی ئەهلیی عێراقی: 300 هەزار فەرمانبەر لە رێگەی ئێمەوە مووچە وەردەگرن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی (NBI) رایدەگەیێنێت، ژمارەی بەشداربووانیان لە چوارچێوەی پڕۆژەی "هەژماری من" گەیشتووەتە نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەر، مانگانەش قەبارەی ئەو مووچەیەی لە رێگەی بانکەکەیانەوە دابەش دەکرێت دەگاتە 300 ملیار دینار. ئاماژە بەوەش دەکەن، هیچ کێشەیەکی نەختینەییان نییە و وەستانی کاتیی ئامێرەکانیش پەیوەندیی بە پرۆسەی ریسێتی تەکنیکی و شێوازی بەکارهێنانیانەوە هەیە.
 
سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، زانیاریی نوێی کارەکانی بانکەکەیان لە چوارچێوەی پڕۆژەی "هەژماری من"، گرفتی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) و پلانی داهاتووی بانکەکەیان بۆ بەدیجیتاڵکردنی بازاڕ خستەڕوو.
 
گرفتی نەمانی پارە لە ATMـەکان هەیە؟
 
لە وەڵامی ئەو گلەییانەی دەڵێن لەکاتی دابەشکردنی مووچەدا ئامێرەکانی ATM پارەیان تێدا نامێنێت، سەروەت جاف رایگەیاند، "نەبوونی پارە وەک هۆکار نابینم، چونکە بانکەکان بەردەوام خۆیان ئامادە دەکەن و هەفتەیەک پێشتر ئاگادارکردنەوەیان بۆ دەچێت. پڕکردنەوەی ئامێرەکان کێشەی نییە، بەڵام هەندێک جار ئامێرەکان دوای 100 بۆ 150 مامەڵەی راکێشانی پارە، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەچنە دۆخی (Reset)ەوە، کە 10 بۆ 15 خولەک دەخایەنێت بۆ رێکخستنەوەی کاسێتەکانی دراو؛ کاتێک خەڵک لەو کاتەدا سەردانی ئامێرەکە دەکات، وادەزانێت پارەی تێدا نییە."
 
ئەو بەڕێوەبەرەی بانکەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا 210 ئامێری ATMی بانکەکەیان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دا بڵاوکراونەتەوە، کە هەر ئامێرێکیان توانای گرتنی 470 ملیۆن دیناری هەیە و لە رێگەی سیستمێکی دیجیتاڵی وردەوە چاودێری دەکرێن؛ هەر کاتێک بڕی پارەی ناو ئامێرێک بۆ خوار 100 ملیۆن دینار دابەزێت، تیمەکانیان بۆ پڕکردنەوەی دەردەچن.
 
پلان بۆ زیادکردنی ئامێرەکان و کێشەی ناوچە دوورەدەستەکان
 
سەروەت جاف ئاشکرای کرد، بەپێی گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت بۆ هەر 1000 بەشداربوویەک ئامێرێکی ATM دابنرێت، بەو پێیەش بێت پلانیان هەیە ژمارەی ئامێرەکانیان لە 210 ئامێرەوە بگەیێننە 300 ئامێر. گوتیشی، "تەنانەت ئەگەر لە ناوچەیەکی دوورەدەست 500 بۆ 700 بەشداربووشمان هەبێت، ئامێریان بۆ دادەنێین بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ بەشداربووانمان بکەین و جەنجاڵی لەسەر لقەکانمان دروست نەبێت."
 
سەبارەت بە گرفتی ناوچە دوورەدەستەکانی وەک گەرمیان، رانیە و چەمچەماڵ، ئاماژەی بەوە کرد، گواستنەوەی بڕی 4 بۆ 5 ملیار دینار بۆ ئەو ناوچانە پێویستی بە رێکاری ئەمنی و ئۆتۆمبێلی تایبەتی کۆمپانیا ئەمنییەکان هەیە، ئەمەش هەندێک جار کاتی دەوێت، بەڵام دڵنیایی دا کە لە هەمان رۆژدا ئامێرەکان پڕ دەکرێنەوە.
 
بۆچی کارتەکان قووت دەدرێن و چۆن دەگەڕێنرێنەوە؟
 
سەروەت جاف هۆکاری قووتدانی کارتەکانی بۆ چەند خاڵێک گەڕاندەوە، لەوانە: بەکارهێنانی هەڵەی ژمارەی نهێنی (OTP) کە ژمارەیەکی کاتیی 30 رۆژییە تەنیا بۆ کاراکردنی کارتەکەیە نەک بۆ بەکارهێنانی بەردەوام، هەروەها داخڵکردنی کارتەکە بە شێوازێکی هەڵە.
 
سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پارە یان کارتی قووتدراو لە ATMەکاندا رایگەیاند:
 
• ئەگەر کێشەکە لەسەر ئامێری بانکی ئەهلیی عێراقی بێت، لە ماوەی 7 رۆژدا پارەکە دەگەڕێتەوە.
• ئەگەر لەسەر ئامێری بانکێکی دیکە بێت، بەپێی یاسای بانکی ناوەندیی عێراق، 30 بۆ 35 رۆژی پێدەچێت.
• ئەگەر کارتەکە لە ناو لقەکانی خۆیاندا قوت بدرێت، لە هەمان رۆژدا دەدرێتەوە بە خاوەنەکەی، بەڵام لە قەزا و ناوچە دوورەدەستەکان بەهۆی رێکارەکانەوە نزیکەی هەفتەیەکی پێدەچێت و بەپێی یاسای بانکی ناوەندیش دەبێت تەنیا رادەستی خودی خاوەن کارتەکە بکرێتەوە.
 
پلانی داهاتوو بۆ ئامێری POS
 
سەروەت جاف ئاشکرای کرد، "بانکی ئەهلیی عێراقی رێژەی 51%ی پشکەکانی کۆمپانیای (Switch)ی کڕیوە، کە یەکێکە لە 3 کۆمپانیا سەرەکییەکەی عێراق بۆ بەدیجیتاڵکردنی مامەڵە داراییەکان. ئێستا تیمەکانمان خەریکی بڵاوکردنەوە و فرۆشتنی ئامێرەکانی پۆس (POS)ن لە بازاڕەکانی کوردستاندا."
 
گوتیشی، تاکە بەربەست لەم پرۆسەیەدا نوێکردنەوەی بەڵگەنامە و باجی دووکان و فرۆشگاکانە، بەڵام "لە ماوەی 2 ساڵی داهاتوودا، ئامێری POSی بانکی ئەهلیی عێراقی لە هەموو بازاڕ و دوکانێکی بازرگانیدا دەبیندرێت."