نرخی نەوت لە یەک هەفتەدا 3% دابەزی

 
رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە رۆژی هەینی نرخی نەوت کەمێک بەرزبووەوە، بەڵام لە ئاستی هەفتانەدا نزیکەی 3% لە بەهای خۆی لەدەستداوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا راگەیاند، ئامادەیە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەسەر بابەتی ئاگربەستی ئۆکراینا کۆببێتەوە.
 
هەفتەی رابردوو، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەش رایگەیاند، ساڵی داهاتوو قەبارەی خستنەڕووی نەوت بە بڕی 4 ملیۆن بەرمیل زیاتر دەبێت لەو خواستەی کە لەسەری دەبێت.
 
رۆژی هەینی نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 23 سەنت بەرزبووەوە و بە 61.29 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 8 سەنت بەرزبووەوە و بە 57 دۆلار و 54 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین رایانگەیاند، دوو هەفتەی داهاتوو لە هەنگاریا کۆدەبنەوە.
 
هەفتەی رابردوو ئاگربەستی غەززە بووە هۆکار بۆئەوەی گوشار لەسەر نرخەکانی نەوت دروست ببێت.
 
فیل فلین، شارەزای نەوت لە کۆمپانیای راوێژکاری (پرایس فیوچەرز گرووپ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "گەورەترین پرۆسەی ئاشتی لە غەززە بەدەستهاتووە، رۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا بێ کاریگەر بووە و خەریکە لەسەر ئاگربەستی ئۆکراینا گفتوگۆ دەکرێت."
 
کەمبوونەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکان بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت.