دی ئێن ئۆ: بەرهەمهێنانی نەوتمان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 30 هەزار بەرمیل زیادبووە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانییا دی ئێن ئۆ دەڵێت، لە دوایین چارەکی پاردا رۆژانە زیاتر لە 77 هەزار بەرمیل نەوتی لە کێڵگەی تاوکێ بەرهەمهێناوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، کۆمپانیایDNOی نەرویجی کە لە بواری نەوت و گازدا کار دەکات، لە راگەیێندراوێکدا نوێترین ئاماری تایبەت بە بەرهەمهێنان و فرۆشی لە چارەکی چوارەمی ساڵی 2025 بڵاوکردەوە.
 
بەپێی ئامارەکە، بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە چارەکی پێشتر، گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆمپانیاکە، بڕیارە رۆژی 5ی شوباتی 2026، کاژێر 09:00ی بەیانی بەکاتی هەولێر، بە فەرمی ئەنجامە داراییەکان بڵاوبکاتەوە. بەڵام پێشوەختە وردەکاریی قەبارەی بەرهەمهێنانی بۆ کۆتایی ساڵی 2025 بەم شێوەیە ئاشکرا کردووە:
 
کۆی گشتی بەرهەمهێنان
 
لە چارەکی چوارەمی 2025 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان 77,268 بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.
 
لە چارەکی سێیەمدا دی ئێن ئۆ رۆژانە 46,572 بەرمیل نەوتی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنابوو. بەم پێیە، بڕەکە لە چارەکی چوارەمدا 30,696 بەرمیلی رۆژانە زیادبووە.
 
لە چارەکی چوارەمی 2024ـیشدا بەرهەمی نەوتی رۆژانەی دی ئێن ئۆ لە هەرێمی کوردستان 74,163 بەرمیل بووە، بە واتایەکی دیکە، لە چارەکی چوارەمی 2025ـدا بەرهەمهێنان لەسەر ئاستی ساڵانە و مانگانە زیادبووە.
 
پشکی شایستە داراییەکان
 
دی ئێن ئۆ لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، لەو نەوتەی لە چارەکی چوارەمی پار لە هەرێمی کوردستان بەرهەمیهێناوە، رۆژانە 20,019 بەرمیل نەوتی وەک شایستە داراییەکانی گێڕاوەتەوە.
 
پێشتر کۆمپانیا نەوتییە سەرکارەکان لە هەرێمی کورستان، لەگەڵ هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغدا رێککەوتبوون کە بە نەوت شایستە داراییەکانی پێشوویان وەربگرن.
 
دی ئێن ئۆ رایگەیاندووە، پشکەکانی خۆی لە نەوتی کێڵگەی "تاوکێ" لە هەرێمی کوردستان، بەتەواوی بە کڕیارانی نێوخۆیی فرۆشتووە و سەرجەم پارەکەشی پێشوەختە و پێش رادەستکردنی نەوتەکە وەرگرتووە. 
 
لە رووی داراییەوە، کۆمپانیاکە لە چارەکی چوارەمدا بڕی 0.375 کرۆنی نەرویجی [0.37 دۆلاری ئەمریکی] وەک قازانج بۆ هەر پشکێک دابەشکردووە کە کۆی گشتییەکەی دەگاتە 35.8 ملیۆن دۆلار. هەروەها بڕی 96.5 ملیۆن دۆلاری وەک باج بە حکومەتی نەرویج داوە.
 
جگە لە کێڵگەی تاوکێ لە هەرێمی کوردستان، دی ئێن ئۆ لە دەریای باکووریش لە ئەورووپا نەوت بەرهەمدەهێنێت.
 
کۆمپانیا نەرویجییەکە دەڵێت، لەو دەریایە لە چارەکی چوارەمی 2025ـدا 10,555 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.