یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 نزیکبووەتەوە لە یەک ملیۆن دینار

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و ئەمڕۆ مسقاڵێکی عەیار 21 گەیشتە 975 هەزار دینار.
 
ئەمڕۆ دووشەممە زانا وەرتی، زێڕنگەر لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیە:
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 835 هەزار دینارە.
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 975 هەزار دینارە.
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە ملیۆنێک و 20 هەزار دینارە.
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە ملیۆنێک و 112 هەزار دینارە.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی مسقاڵی زێڕە لە بازاڕەکانی نێوخۆدا تۆمارکرابێت.
 
بەراورد بە دوێنێ یەکشەممە، نرخی مسقاڵی زێڕی عەیار 18 و 21 بە 15 هەزار دینار، مسقاڵی زێڕی عەیار 22 بە 18 هەزار دینار و عەیار 24ـیش بە 12 هەزار دینار گران بوون.
 
بە گوتەی زانا وەرتی، هۆکاری سەرەکیی ئەو بەرزبوونەوەیەی نرخی مسقاڵی زێڕ، بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕە لە بازاڕەکانی جیهان.
 
ئەمڕۆ ئۆنسەیەک زێڕ 75 دۆلار بەرزبووەتەوە و گەیشتە 4470 دۆلار؛ بەیانیی ئەمڕۆ گەیشتە 4690 دۆلاریش.
 
بە بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان، نرخی مسقاڵی زێڕیش بەرزدەبێتەوە و بەپێچەوانەوەشەوە لەگەڵی دادەبەزێت.
 
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، دابەزینی نرخی دینار دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێر و بەرزبوونەوەی نرخی دیناریش دایدەبەزێنێت.
 
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان ئەوەیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی لە مانگی داهاتووەوە پێناسی گومرگیی نوێ بەسەر 8 وڵاتی ئەورووپیدا دەسەپێنێت، کە دژی پلانی واشنتنن بۆ وەرگرتنی گرینلاند. 
 
ئەمە خواستی لەسەر زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام زیادکردووە. مەترسیی وەڵامدانەوەی ئەورووپاش هەیە و رۆژی پێنجشەممە بۆ ئەم مەبەستە لە برۆکسل کۆدەبنەوە.
 
ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە لە 1ـی شوباتی داهاتووەوە پێناسی گومرگیی 10% دەخرێتە سەر کاڵاکانی ئەو وڵاتانە و ئەگەر رێکنەکەون، لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا پێناسەکە بۆ 25% زیاد دەکرێ.
 
سەرەتای ئەم ساڵ مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 878 هەزار دینار بوو. بەم پێیە، لەو کاتەوە 97 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
 
نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 351 دۆلار بەرزبووەتەوە.