کرێکارانی بیانی هۆکاری کەمبوونەوەی کرێکاری ناوخۆیین

رووداو - هەولێر

هێزی کارکردن لە کرێکارانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و کرێکارانی بیانی، رەنگە لە رووی توانای جەستەییەوە جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبێت، بەڵام لەو کاتە یاساییەی بۆ کارکردن دانراوە، جیاوازی هەیە و کرێکارە بیانییەکان وایان کردووە کرێکاری خۆماڵی کەمتر هەلی کاری بۆ بڕەخسێت، چونکە بەهۆی زۆر کارکردنیانەوە، رەنگە خاوەن کار سوودی زیاتریان لێوەربگرێت.

بەپێی مادەی 23 ی یاسای ژمارە 71ی ساڵی 1987 ی عێراق، کرێکاری بیانی دەتوانێت بێتە نێو عیراق و کار بکات، ئەو ماددەیە تاوەکو ئێستا دوو جار هەموارکراوە و رەشنوسێکی دیکەی هەمووارکردنەوەی ئامادەکراوە، کرێکارانی ناوخۆیی چاوەڕێی جۆرە هەموارێکن کە سود بە بەرژەوەندییەکانیان بگەیەنێت و رێژەی کرێکاری بیانی کەمبکاتەوە.

سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئەوە رەتدەکاتەوە، کەوا نرخی رۆژکاری کرێکاری بیانی زیاتربێت لە کرێکاری خۆماڵی، بەڵکو جیاوازی نرخەکان دەگەرێننەوە بۆ ئەو فلتەرانەی، کە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دایانناوە بۆ کرێکار.

کرێکاری بیانی ئەگەر بە نیوەی رۆژکاری کرێکاری خۆماڵیش کار بکات، رۆژانەکەی زیاتر لەسەر کۆمپانیاکان دەوەستێت، چونکە بەپێی یاسای کار بێت یاخود گرێبەست، ئەرکی کۆمپانیاکانە، کە شوێنی حەوانەوە و خواردن و خواردنەوە و پێداویستییان بۆ دابینبکات، ئەمەش بە خەرجییەکی زۆر دەکرێت.