مسقاڵێک زێڕ 22 بۆ 32 هەزار دینار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتەوە نزیکەی ملیۆنێک و 100 هەزار دینار. جیاوازیی نرخی کڕین و فرۆشتنی مسقاڵیش کەمتربووەتەوە، کە پێشتر 30 هەزار دینار بوو.
سەیوان عاسی، زێڕنگەر لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ نرخی زێڕ بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 933 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێک و 88 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە ملیۆنێک و 140 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە ملیۆنێک و 236 هەزار دینارە.
بەراورد بە دوێنێ، بڕی بەرزبوونەوەی هەر مسقاڵێک بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بڕی 22 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بڕی 24 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بڕی 26 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بڕی 32 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
بە گوتەی ئەو زێڕنگەرە، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێڕن.
ئەمڕۆ ئۆنسەیەک زێڕ 45 دۆلار بەرزبووەوە و بە 5020 دۆلارە. پێشبینییەکانی بەردەوامیی کەمکردنەوەی دوو جاری رێژەی سوود لە ئەمریکا بۆ ئەم ساڵ، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە.
کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەبێتە هۆی زیادبوونی خستنەڕووی دۆلار، ئەوەش نرخەکەی لە بازاڕە داراییەکان دادەبەزێت، لە بەرامبەریشدا زێڕ و کانزاکانی دیکە و دراوەکان بەرزدەبنەوە.
هاوکات 100 دۆلاریش بە 152,300 دینارە.
گرانبوونی ئۆنسەی زێڕ دەبێتە هۆی گرانبوونی نرخی مسقاڵی زێڕ لە هەرێمی کوردستان؛ بەپێچەوانەشەوە دایدەبەزێنێت.
لە هەرێمی کوردستانیش، دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار وا دەکات مسقاڵی زێڕ گرانتر بێت و بەرزبوونەوەشی وادەکات دابەزێت.
جیاوازیی کڕین و فرۆشتنی زێڕ کەمبووەتەوە
لە سەرەتای ئەم مانگەوە جیاوازیی نرخی کڕین و فرۆشتنی زێڕ لە 10 هەزار دینارەوە گەیشتبووە 30 هەزار دینار.
بە واتایەکی دیکە، زێڕنگەران مسقاڵێک زێڕیان بە 30 هەزار دینار کەمتر لە نرخی خۆی لە هاونیشتمانییان وەردەگرت. ئێستا ئەو جیاوازییە کەمبووەتەوە.
سەیوان عاسی بۆ رووداو گوتی، ئێستا جیاوازیی نرخی کڕین و فرۆشتنی یەک مسقاڵ زێڕ بۆ 20 هەزار دینار کەمبووەتەوە. بۆ نموونە ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێک و 68 هەزار دینار لە هاونیشتمانییان وەردەگیرێت.
ئەو زێڕنگەرە دەڵێت، کەمبوونەوەی ئەو جیاوازییە بەهۆی کەمبوونەوەی نرخی حەواڵەیە، ئەمڕۆ نرخی حەواڵەی 10 هەزار دۆلار، بۆ 220 دۆلار کەمبووەتەوە. پێشتر گەیشتبووە زیاتر لە 300 دۆلار.