لە 24 کاژێردا ئۆنسەیەک زیو 5 دۆلار دابەزیوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زیو 16 سەنت بەرزبووەوە و بە 75.50 دۆلارە.
بەم پێیە، ئێستا کیلۆیەک زیو لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 2,428 دۆلارە.
دوێنێ چوارشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زیو لە بازاڕەکانی جیهاندا زیاتر لە 5 دۆلار دابەزیبوو و، لە ئاستی 80 دۆلارەوە بۆ 75 دۆلار دابەزی، ئەوەش بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کێڵگەی گازی پارسی باشوور لە ئێران.
ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە، ئاماژە تووندەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، گوشاریان لەسەر کانزا بەنرخەکان دروستکردووە.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە رێژەی سوودی وەک خۆی لە 3.75٪ هێشتەوە.
هاوکات جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکەکە ئاماژەی بە مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان کرد کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروستبوون. پاوڵ ئاماژەی بەوەدا کە رێژەی سوود کەمناکەنەوە تاوەکو هەڵاوسان نیشانەکانی هێوربوونەوە پیشان نەدات، بەڵام پێشبینیش دەکەن ئەم ساڵ یەکجار رێژەی سوود کەمبکەنەوە.
هەروەها داتاکانی رۆژی چوارشەممە دەریانخست کە نرخی بەرهەمهێنەران لە ئەمریکا لە مانگی شوباتدا زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرا بەرزبووەتەوە.