نرخی نەوت 112 دۆلاری تێپەڕاند و ئێران هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی جیهان دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

نرخی نەوت رۆژی پێنجشەممە بە زیاتر لە 5٪ بازدانی بەخۆیەوە بینی و بازاڕی پشکە جیهانییەکانیش داڕمان.
 
ئەمەش دوای ئەوە هات، ئێران زنجیرەیەک هێرشی کردە سەر دامەزراوەکانی وزە لە وڵاتانی کەنداو و هۆشداریی دا، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر کێڵگە گازییەکانی، هەموو ژێرخانی ناوچەکە وێران دەکات.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە زیاتر لە 5٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 112.86 دۆلار، هەروەها نەوتی تێکساس (WTI) لە دەوروبەری 98.42 دۆلار جێگیر بوو. ئەم هەڵچوونە خێرایەی نرخەکان کاریگەریی کردە سەر بازاڕە داراییەکان؛ بۆرسەکانی تۆکیۆ و سیئۆل زیاتر لە 2٪ـی بەهای خۆیان لەدەستدا، بۆرسەکانی هۆنگ کۆنگ، شەنگەهای و سیدنیش بە رەنگی سوور داخران.
 
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە هاتن، ئێران هەڕەشەی کرد وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کێڵگەی گازی پارسی باشوور، دامەزراوەکانی ناوچەکە دەپێکێت.
 
ناوچەی رەس لافان لە قەتەر هێرشی کرایە سەر و کۆمپانیای (QatarEnergy) رایگەیاند، ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە. بەوهۆیەوە، قەتەر فەرمانی بە چەندین دیپلۆماتی ئێرانی دا خاکی وڵاتەکەی جێبهێڵن.
 
ئەبووزەبی کارەکانی لە وێستگەی گازی حەبشان راگرت دوای ئەوەی پارچەی مووشەکی تێکشکێنراو بەر کێڵگەی نەوتیی (باب) و دامەزراوەکانی گاز کەوتن.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، هێرشکردنە سەر کێڵگەی پارسی باشوور "لێکەوتەی کۆنترۆڵنەکراوی دەبێت کە تەواوی جیهان دەگرێتەوە." هاوکات سوپای پاسداران هۆشداری دا، هێرشەکانیان بۆ سەر ژێرخانی وزەی هاوپەیمانانی ئەمریکا ناوەستێت تاوەکو بە تەواوەتی وێران دەبن.
 
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، تاران ئاگاداری کردوونەتەوە تەنێکی نامۆ بەر تاکە وێستگەی ئەتۆمیی چالاکی وڵاتەکە کەوتووە، بەڵام هیچ زیانێکی لێنەکەوتووەتەوە.
 
لە ئەمریکا جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندی هۆشداری دا، گرانیی وزە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، بەڵام گوتی هێشتا زووە بزانرێت کاریگەرییە درێژخایەنەکان چی دەبن. داتاکانی ئەمریکا نیشانی دەدەن، هەڵاوسانی مانگی شوبات زیاتر بووە لەوەی چاوەڕوان دەکرا.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا دوای گفتوگۆ لەگەڵ ترەمپ و میری قەتەر، داوای کرد بە زووترین کات هێرش بۆ سەر ژێرخانی سڤیل و وێستگەکانی ئاو و وزە رابگیرێت. 
 
لەلایەکی دیکەوە، عێراق رایگەیاند، بڕێکی کەم نەوتی لەرێگەی بۆریی تورکیاوە هەناردە کردووە تاوەکو خۆی لە مەترسییەکانی تەنگەی هورمز بەدوور بگرێت، کە ئێستا بە لە لایەن ئێرانەوە داخراوە.
 
جەنگەکە کە لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە، ئێستا تەواوی دەمارە ئابوورییەکانی جیهانی گرتووەتەوە و هێرشە دوولایەنەکان بۆ سەر کەرتی وزە، جیهانی بەرەو قەیرانێکی دارایی قووڵ بردووە.