شارەزایان؛ داخستنی تەنگەی هورمز هەناردەی نەوتی عێراقی 85% کەمکردووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕانی ئابووری دەڵێن، داخستنی تەنگەی هورمز زیانێکی گەورەی بە کەرتی نەوتی عێراق گەیاندووە؛ حکومەتیش هەوڵدەدات رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی زیانەکان کەم بکاتەوە.
 
ئابووریی عێراق بە رێژەی 90% پشت بە داهاتی نەوتی خاو دەبەستێت. پێشتر عێراق مانگانە نزیکەی 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، بەڵام لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوبات و داخستنی تەنگەی هورمز، کە شادەمارێکی هەناردەکردنی وزەی جیهانە، ئاستی هەناردەکردنی عێراق زۆر دابەزیوە.
 
عەبدولڕەحمان مەشهەدانی، شارەزای ئابووریی عێراقی لەو بارەیەوە دەڵێت، "عێراق لەسەر ئاستی ناوچەکە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە." شارەزاکە باس لەوە دەکات، ئاستی بەرهەمهێنان بە رێژەی 75% و هەناردەکردنیش بە رێژەی 85% کەمی کردووە.
 
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق کە پێشتر رۆژانە 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، ئێستا تەنیا نزیکەی 250 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و نزیکەی 100 هەزار بەرمیلیش بۆ سووریا هەناردە دەکات. ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی داهات و زیانەکان بە نزیکەی 5 ملیار دۆلار لە مانگێکدا دەخەمڵێندرێن.
 
مەشهەدانی هۆشدارییش دەدات کە تەنانەت ئەگەر تەنگەی هورمزیش بکرێتەوە، عێراق سێ تاوەکو 6 مانگی پێویستە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ئاستی بەرهەمهێنانی پێش جەنگ؛ چونکە کۆمپانیا بیانییەکان کارمەندەکانیان لە کێڵگە نەوتییەکان کشاندووەتەوە و دەستپێکردنەوەی کارەکانیش کاتی دەوێت.
 
لە بەرامبەر ئەم قەیرانەدا، حکومەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە چڕ کردووەتەوە. ئەحمەد ئەنساری، توێژەری ئابووری دەڵێت، "حکومەت ئێستا جەخت لەسەر گەشەپێدانی کەرتەکانی وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی دەکاتەوە بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک. هەروەها هەوڵی رێککەوتن دەدات بۆ نۆژەنکردنەوەی بەندەری بانیاس لە سووریا و گفتوگۆش لەگەڵ سعودیە دەکات بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەری یەنبوعەوە."