یەکێتیی ئەورووپا رەخنە لە بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی "ئاسانکاریی کاتی" هەناردەکردنی نەوتی رووسیا دەگرێ
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا، رۆژی سێشەممە 19ی ئایاری 2026 رەخنەی لە بڕیاری ئەمریکا گرت بۆ درێژکردنەوەی ئەو ئاسانکارییانەی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی رووسیا کردوونی. ئەم رەخنەیە لە کاتێکدایە، وەزیرانی دارایی وڵاتانی گرووپی حەوت لە پاریس کۆبوونەوە تاوەکو هەڵوێستێکی یەکگرتوویان بەرامبەر قەیرانە ئابوورییەکان هەبێت.
واشنتن دەڵێ، ئامانجی ئەم بڕیارە دابەزینی نرخی وزەیە کە لە دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە کۆتایی مانگی شوبات بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە بە شێوەیەکی "چاوەڕواننەکراو" بەرزبووەتەوە.
ڤاڵدیس دۆمبرۆڤسکی، کۆمیسیاری ئابووریی یەکێتیی ئەورووپا، دژی درێژکردنەوەکە وەستاییەوە و رایگەیاند، داهات بۆ مۆسکۆ زیاد دەکات لە کاتێکدا جەنگی ئۆکراینا بەردەوامە.
دۆمبرۆڤسکی لە پاریس بە رۆژنامەڤانانی گوت: "لە روانگەی ئەورووپاوە، ئێستا کاتی ئەوە نییە گوشارەکان لەسەر رووسیا کەم بکرێنەوە. بە پێچەوانەوە، رووسیا تاکە لایەنە کە لە جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی سوودمەندە، بۆیەدەبێت گوشارەکان زیاتر بکرێن."
پەیامی ئەمریکا بۆ ئەورووپا؛ "ئەمە کاتییە"
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لەم کۆبوونەوانەی پاریسدا هەوڵی دا دڵی ئەورووپییەکان رازی بکات و باسی لەوە کرد، ئەم بڕیارە تەنیا "رێکارێکی کاتییە."
بەڵام ئەورووپاییەکان نیگەرانن، چونکە ئەمە جاری دووەمە واشنتن وادەی ئەو ئاسانکارییانە درێژ دەکاتەوە کە سەرەتا تەنیا بۆ 30 رۆژ دانرابوون.
رۆلان لێسکۆر، وەزیری دارایی فەرەنسا رایگەیاند، سەرەڕای جیاوازیی بۆچوونەکان، وڵاتانی گرووپی حەوت بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکردن بۆ گەیشتن بە راگەیێندراوی هاوبەش.
گرووپی حەوت گرووپێکی نێودەوڵەتیی وڵاتەکانە کە لە حەوت وڵاتی خاوەن ئابووریی پێشکەوتووی جیهان پێکدێ، ئەوانیش بریتین لە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کەنەدا و ژاپۆن.
ئەم گرووپە کە لە ساڵی 1975ـەوە دامەزراوە، ساڵانە کۆبوونەوەی لووتکە ئەنجام دەدات تاوەکو لەسەر پرسە گەورەکانی وەک ئابووریی جیهانی، ئاسایشی نێودەوڵەتی و پاراستنی ژینگە بڕیاربدات.