وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: پێویستە هاوپەیمانانمان تۆڕە داراییەکانی ئێران پەکبخەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا داوا لە هاوپەیمانەکانی وڵاتەکەی دەکات بە شێوەیەکی کاریگەرتر و تووندتر تۆڕە داراییەکانی ئێران پەکبخەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە وەزارەتەکەی لیستی سزاکان نوێ دەکاتەوە بۆ ئەوەی دامەزراوە داراییەکان باشتر بتوانن رووبەڕووی پلانە ئاڵۆزەکانی دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر ببنەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 19ـی ئایاری 2026، لە گوتارێکدا لە کۆنفرانسی (بەرەنگاربوونەوەی دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر) لە پاریس، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتاکانی لە گرووپی حەوت رایگەیاند، پێویستە بەشداربووان "بە هەموو شێوەیەک لەگەڵمان بووەستن" دژی ئێران.
 
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتی: "ئەوە پێویستی بەوەیە بۆ نموونە، هاوبەشە ئەورووپییەکانمان پەیوەندی بە ئەمریکاوە بکەن بۆ گرتنەبەری رێوشوێن دژی ئێران، ئەویش لە رێگەی دیاریکردنی دابینکەرانی داراییەکەی، ئاشکراکردنی کۆمپانیا سێبەرەکانی، داخستنی لقی بانکەکانی و هەڵوەشاندنەوەی بریکارەکانی؛" هەروەها داوای لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیا کرد کە "تۆڕە بانکییە سێبەرەکانی ئێران ریشەکێش بکەن."
 
ئەم لێدوانانەی بێسێنت لەکاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ هەوڵ دەدات گوشار بخاتە سەر تاران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، کە بەهۆی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەناردەی نەوتی تێدا پەککەوتووە. 
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا بە ناوی (تووڕەیی ئابووری) هەوڵەکانی چڕتر کردوونەتەوە و تاوەکو ئێستا نزیکەی نیو ملیار دۆلار لە دراوە کریپتۆکانی پەیوەست بە ئێرانی سڕ کردووە.
 
بێسێنت ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتی گەنجینە سیستمی سزاکان نوێ دەکاتەوە، چونکە بە گوتەی ئەو "نەیارەکانمان خۆیان دەگونجێنن و داهێنان دەکەن" لە رێگەی دروستکردنی کۆمپانیای سێبەری نوێوە.
 
بێسێنت ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتنەوەی سزاکان بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتەهۆی ئەنجامی نەخوازراو؛ گوتیشی، "سزا بۆ ئەوەیە رەفتارەکان بگۆڕدرێن، نەک بۆ سزادانی گەلان. ئەو سزایانەی بۆ چەندین ساڵ بەبێ گۆڕانکاریی دیار لە رەفتارەکاندا دەمێننەوە، دەکرێ کاریگەریی نەوەییان هەبێت کە پێشبینیکردنیان ئەستەمە."