سەرچاوەیەک: بە ئەگەری زۆرەوە سبەی لیستی مووچەی مانگی ئایار بۆ بەغدا دەنێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سبەی ئێوارە بە ئەگەری زۆر لیستی مووچەی مانگی ئایار بۆ بەغدا دەنێردرێت.
رۆژی سێشەممە، 19ی ئایاری 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارکردن لە لیستی مووچەی مانگی ئایار بەردەوامە و لە قۆناخی کۆتاییدایە. بەهۆی تەواونەبوونی هەندێک رێکارەوە ئەمڕۆش کارەکان تەواو نەبوون."
بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، "چاوەڕوان دەکرێ سبەی کارەکان تەواو بن و ئیدی لیستەکە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەنێردرێت."
لەبارەی شێوازی گەیاندنی لیستەکە، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی دەڵێ، بڕیارە لیستەکە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان لەلایەن شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتەوە ببرێتە بەغدا و رۆژی دواتر رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان 12ی ئەم مانگە خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی راگەیاند. بەپێی خشتەکە، دابەشکردنی مووچە لە رۆژی 13-05-2026 دەستیپێکرد و لە رۆژی 16-05-2026 کۆتایی هات.