بانکی ناوەندیی ئێران: کێشەی دابینکردنی پارەمان نییە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری کاروباری رێکخستن و چاودێریی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، هیچ کێشەیەک لە دابینکردن و دابەشکردنی پارەدا نییە و دڵنیایی دەدات کە یەدەگی نەختینەیی وڵات لە دۆخێکی باشدایە. هاوکات دان بەوەدا دەنێت، هەندێک لقی بانکەکان رووبەڕووی کەمیی پارە بوونەتەوە، بەڵام دەڵێت کێشەکە "دەستبەجێ" چارەسەر کراوە.
محەممەدپوور، جێگری کاروباری رێکخستن و چاودێریی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، "لەبارەی بابەتی پارە گەیاندن و دابەشکردنی پارەوە، سوپاس بۆ خودا هیچ کێشەیەکمان نییە."
جێگرەکەی بانکی ناوەندیی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، بانکی ناوەندی هیچ کێشەیەکی لەڕووی یەدەگی نەختینەییەوە نییە، کارەکان "بە شێوەیەکی ئاسایی" بەڕێوەدەچن.
لەبارەی ئەو هەواڵانەی باس لە کەمیی پارە دەکەن لە هەندێک بانکدا، محەممەدپوور گوتی، "لە هەندێک لقەوە هەواڵمان پێگەیشتووە کە هەندێک جار رووبەڕووی کەمیی سەرچاوەی ریاڵی بوونەتەوە، کە بە شێوەیەکی بەپەلە سەرچاوەی ریاڵییان بۆ دابین کرا."