كۆنفراسێکی هاوبەشی کوردستان و ئەڵمانیا لە هانۆڤەر بەڕێوەدەچێت
رووداو- هەولێر
بریارە لە 6 و 7ی مانگی ئەیلوول کۆنفرانسێکی هاوبەشی ئەڵمانیا ، هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ خاوەن کار و بەڵێندەران لە شاری هانوڤەری ئەڵمانیا رێكبخرێت و تۆڕی میدیایی رووداویش سپۆنسەری میدیایی کۆنفرانسەکە دەبێت.
کۆنفرانسەکە لەلایەن کۆمپانیای پێترسبۆرگەوە رێکخراوە، و بڕیارە ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا ئەڵمانی ، کوردی و عێراقییەکان بەشداربن، ئامانج لە رێکخستنی ئەم کۆنفرانسە درووستکردنی هەماهەنگییەکی زیاترە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەڵمانیا، هەروەها پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و کەرتی وەبەرهێنانە لە کوردستان و عێراقدا.
عەبدولڕەحمان دۆسکی ، خاوەنی کۆمپانیای پێتەرسبۆرگ کە رێکخەری کۆنفرانسەکەن بە توڕێ میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆنفرانسەکە تایبەتە بە خاوەن کار و وەبەرهێنەران ، بۆ جاری یەکەمە کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لەو کۆنفرانسە کە لەلایەن ئەڵمانیا و عێراق و هەرێمی کوردستانەوە رێکدەخرێت، پێشتر کە کۆنفرانسێک دەکرا هەرێمی کوردستان لەنێو شاندی عێراقی بوو بەڵام ئەمجارە جیاکراوەتەوە و بە سەربەخۆ بەشداریی دەکەین".
عەبدولڕەحمان دۆسکی گوتی: "نزیکەی 100 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستانەوە لەو کۆنفرانسەدا بەشدارن ، لە عێراقیش نزیکەی 90 کۆمپانیا بەشدارن ، لە ئەڵمانیاش تاوەکو ئێستا نزیکەی 80 کۆمپانیا خۆیان تۆمارکردووە".
سەبارەت بەوەی بۆچی ئەڵمانیای هەڵبژاردووە بۆ کۆنفرانسەکە ، عەبدولڕەحمان دۆسکی گوتی: "ئەڵمانیا وڵاتێکی بەهێزە لەڕووی کار و پیشەوە ، کاتێک ئەوان دەچنە وڵاتێک بۆ وەبەرهێنان تاوتوێی وردی بۆ دەکەن و کۆمپانیاکانی وڵاتانی دیکەیش بەدوای خۆیان رادەکێشن".
داڕشتنەوە؛ عومەر شایان