پسپۆڕێک: یاسای نوێی دراوە دیجیتاڵییەکان لە ئەمریکا پارەیەکی زۆر دەهێنێتە بازاڕەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوای واژۆکردنی یاسای رێکخستنی کریپتۆ لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، ئەم هەنگاوە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە سیاسەتی ئەمریکادا و دەبێتە هۆی هاتنەناوەوەی پارەیەکی زۆر بۆ بازاڕەکە، بەڵام هۆشداری دەداتە وەبەرهێنەران کە بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و لە بنەڕەتی پڕۆژەکان تێبگەن.
 
د. محەممەد ئەمین لە بووڵتەنی ئابووریی ئەمڕۆ شەممەی رووداو دا گوتی، ئەمریکا لە چەند ساڵی رابردوودا بە چەند قۆناخێکدا تێپەڕیوە؛ یەکەمیان دژایەتیکردنی تووندی دراوە دیجیتاڵییەکان بوو، تەنانەت زۆربەی سەرمایەدارە گەورەکانیشیان وەکو 'وارن بافێت' تاوەکو ئێستاش پشتگیریی ناکەن، بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوت ناتوانرێت پێش بەم دیاردەیە بگیرێت و باشتر وایە یاسای بۆ دابنرێت و رێکبخرێت. 
 
گوتیشی، یەکێک لە سیاسەتەکانی ئەمریکا ئەوەیە، هەر شتێک لەنێو وڵاتەکەیدا بەربڵاو بوو، پێویستە حکومەت کۆنترۆڵی تەواوی بەسەردا هەبێت، هەروەک چۆن هەوڵیدا دەست بەسەر تیکتۆکدا بگرێت.
 
ئەو پسپۆڕە هۆشداری دەدات لەوەی بەشێک لە دراوە دیجیتاڵییەکان هیچ مەبەستێک لە دروستکردنیان نییە. بۆ نموونە بەشێک لە دراوەکان بیرۆکەیەکی لەپشتە و خەڵک لە بنەڕەتدا بیرۆکەکە دەکڕن، نەک خودی دراوە دیجیتاڵییەکان. 
 
ئەو دەڵێت، بۆ نموونە، کۆینێکی وەک "شیبا" کە "تەنیا بۆ گاڵتە دروست کراوە"، هیچ ئامانجێکی لەپشت نییە. ئەگەر رۆژێک پاڵپشتیی کەسایەتییەک وەک ئیلۆن مەسکی لەسەر نەمێنێت، لەوانەیە بەهاکەی ببێتە سفر.
 
بەڵام کۆینێکی وەکو "ریپڵ" پلانێکی درێژخایەنی لەپشتە. بانکەکان دەیانەوێت سیستمی دیجیتاڵیی خۆیان لەسەر پڕۆتۆکۆڵی ریپڵ جێبەجێ بکەن. ئەگەر کەسێک بیەوێت وەبەرهێنان بکات، دەتوانێت پلانەکانی دراوەکە بخوێنێتەوە، کە پێی دەگوترێت پەڕوی سپی [وایتپەیپەر] کە نەخشەڕێگەی دراوەکە رووندەکاتەوە و پاشان بڕیار بدات.
 
کاریگەرییە ئەگەرییەکان؛ متمانە و هاتنی پارەی زیاتر
 
ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتی ئەمریکا کێشەیەکی زۆری لەگەڵ پلاتفۆڕمەکان "واتە سەکۆکانی ئاڵوگۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکان"، هەبوو، تەنانەت خاوەنی "باینانس" دەستبەسەر کرا کە گەورەترین سەکۆی جیهان بوو. 
 
بەڵام بە گوتەی د. محەممەد، ئەم بڕیارە نوێیە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک بە متمانەی حکومەتەوە وەبەرهێنان بکەن. پێشتر قەدەخە بوو بەشێک لە مووچە بە شێوەی ئۆتۆماتیکی بچێتە نێو دراوە دیجیتاڵییەکان، بەڵام ئێستا ترەمپ رێگەی پێداوە. بۆیە پێشبینی دەکرێت پارەیەکی زۆر زیاتر بێتە نێو بازاڕەکەوە.
 
گوتیشی، هەروەها ئەمریکا دەتوانێت ستەیبڵکۆینێکی تایبەت بە خۆی دروست بکات کە پاڵپشتکراو بێت بە دۆلار. ئەمە دەتوانێت ببێتە داهاتێکی گەورە، چونکە ئێستا USDT " کە "بەناوبانگترین ستەیبڵکۆینە"، کێشەی یاسایی هەیە و گومان لە بوونی یەدەگەکەی دەکرێت.
 
ئامۆژگارییەک بۆ وەبەرهێنەران
 
بە گوتەی د. محەممەد ئەمین، لەگەڵ دەرچوونی بڕیارێکی گرنگ، "هەمیشە دەرفەتی کڕین نییە، تەنانەت ئەگەر شتەکە زۆر باشیش بێت. بەڵکوو پرۆسەی کڕین پێویستە لە کات و شوێنی گونجاودا بێت".
 
ئەو پسپۆڕە دەڵێت، "نابێت لەگەڵ دەرچوونی بڕیارێکدا راستەوخۆ مامەڵە بکرێت". 
 
رۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، یاسایەکی واژۆ کرد بۆ دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ ئەو دراوە دیجیتاڵییانەی بە دۆلارەوە بەستراونەتەوە و بە دراوە دیجیتاڵییە سەقامگیرەکان [ستەیبڵ کۆین] ناسراون. ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێک سەیر دەکرێت کە رەنگە رێگەخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی ئەم دراوە دیجیتاڵییانە ببنە ئامرازێکی رۆژانە بۆ پارەدان و گواستنەوەی پارە.
 
هەرچەندە بڕیارەکە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر نرخی دراوە دیجیتاڵییەکان دانەنا، بەڵام پێشتر گەشبینی بە بڕیارەکە نرخی دراوە دیجیتاڵییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردبووەوە و یەک بیتکۆین گەیشتبووە زیاتر لە 123 هەزار دۆلار.