کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ رووداو: رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان نێردراوەتە بەندەری جەیهانی تورکیا. بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێت، نەوتەکە بۆ بازاڕی تورکیا و ئەورووپایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2025 عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژانە تێکڕا نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان دەکەن.
عامر خەلیل گوتی، "نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێکی بۆ بازاڕی تورکیا و بەشەکەی دیکەشی بۆ بازاڕی ئەورووپایە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور، مانگی رابردوو نزیکەی 6 ملیۆن بەرمیل و لەم مانگەشدا زیاتر لە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان کراوە.
لەبارەی نەوتی کەرکووک، عامر خەلیل گوتی، "بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکووک رۆژانە نزیکەی 340 هەزار بەرمیلە." سەبارەت بە ئەگەری هەناردەکردنی لە رێگەی بۆریی نەوتی تورکیاوە ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا هیچ پلانێکی لەوشێوەیەیان نییە.
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان، دوای بڕیارێکی ئاداری 2023ی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی پاریس وەستا. دوای رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت، رۆژی 27ی ئەیلوولی 2025 هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە دەستیپێکردەوە.
بە گوێرەی بڕیارێک کە 21ـی تەممووزی 2025 بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە، رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاو کە لە ساڵی 1973 لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کراوە، لە 27ـی تەممووزی 2026ـەوە کۆتایی پێدێت.
رۆژی دووشەممە، لە ئەنقەرە کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا بەڕێوەچوو.
ساحب بزوون، بەرپرسی فەرمانگەی راگەیاندنی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رووداوی گوت: "هێشتا نەگەیشتووینەتە رێککەوتن و ئەنجامی کۆتایی لەگەڵ تورکیا و بڕیارە گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە بەڕێوەبچێت."