ئەڵمانیا یەکەمین تێرمیناڵی گازی شل دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئەڵمانیا یەکەمین تێرمیناڵی دەریایی گازی شلی لە بەندەری ڤیلهێڵمزهاڤن لەسەر دەریای باکوور کردەوە؛ ئەوەش دەبێتە یەکەمین هەنگاوی کرداریی ئەڵمانیا بۆ سەربەخۆبوون لە گازی رووسیا.
تێرمیناڵەکە 22ـی ئەم مانگەدا دەست بە کارەکانی دەکات. ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت: "ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا زیاتر سەقامگیر و سەربەخۆ دەبن. ئەمە یەکەمین پەیامە لە بەندەری ڤیلهێڵمزهاڤنەوە. پووتین وایزانی لە رێگەی پچڕاندنی هاوردەی گازمانەوە دەتوانێت کاریگەری لەسەرمان هەبێت، بەڵام هەڵەبوو."
وەک دەستپێک، تێرمیناڵەکە 165 هەزار مەتر سێجا گازی لە نێجیریاوە هاوردەکردووە.
تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو، تێرمیناڵەکە توانای هاوردەکردنی زیاتر لە 30 ملیار مەتر سێجا گازی دەبێت، بەوەش یەک لەسەر سێی خواستی ئەڵمانیا بۆ گاز پڕدەکاتەوە کە ساڵانە 93 ملیار مەتر سێجا گاز بەکاردەهێنێت.
لە ساڵی 2021ـدا ئەڵمانیا 142 ملیار پێ سێجا گازی سرووشتیی هاوردەکردووە؛ لەو بڕە 55٪ـی لە رووسیاوە بووە، بەڵام ئەمساڵ رووسیا تەنیا 26٪ـی گازی ئەڵمانیای دابینکردووە.
هاوکات حکومەتی ئەڵمانیا پێنج گرێبەستی تێرمیناڵێکی دیکەی بە بەهای 10.7 ملیار دۆلار کردووە، وەزیری ئابووری وڵاتەکەش دەڵێت، "مەترسیمان لەسەر نییە."
رۆبێرت هابێک، وەزیری ئابووریی ئەڵمانیا گوتی، "ئێستا لە مەترسی دوورکەوتووینەتەوە و سەرچاوەی گازی ئەڵمانیا بۆ ئەم زستانە دابینکراوە، ئەوەش بە مەرجی بەردەوامبوونی هەوڵەکانی ئەڵمانیا بۆ پاراستنی وڵاتەکە."
ئێستا بەکارهێنانی گاز لە ئەڵمانیا 13٪ کەمبووەتەوە، حکومەتیش دەیەوێت بەکارهێنانی گاز زیاتر و بە رێژەی 20٪ کەمببێتەوە، ئەوەش بۆ دڵنیابوونی زیاتر لە ئاسایشی وزەی وڵاتەکە.