نرخی نەوت گۆڕانی کەمی بەسەردا هات؛ بازرگانان چاوەڕوانی ترەمپن
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ بە فەرمی وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت، بازرگانانی نەوت چاوەڕوانن بزانن ترەمپ وەکو هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا، سزاکانی سەر رووسیا کەمدەکاتەوە لەپێناو رازیکردنی رووسیا بە ئاگربەست.
لەبەر ئەو چاوەڕوانییانە، نرخی نەوتی برێنت گۆڕانکاری کەمی بەخۆیەوە بینی و بازرگانان چاوەڕێی روونبوونەوەی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ لە بواری وزەدا دەکەن.
نرخی نەوتی برێنت، ئەمڕۆ (دووشەممە، 20-1-2025) لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا تەنیا 6 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 80 دۆلار و 73 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 10 سەنت بەرزبووەوە و بە 77 دۆلار و 98 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بۆ ماوەی 4 هەفتەیە، نرخی نەوت بەهۆی سزا تووندەکانی ئیداری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیا و کەشتییە نەوتییەکانی رووسیا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
تیم ئیڤانس، شرۆڤەکاری وزە، لەو بارەیەوە رایگەیاند "سزا نوێیەکانی سەر رووسیا، کێشەیان بۆ خستنەڕووی نەوت دروستکردووە."
هەروەها دەڵێ، سزاکانی سەر رووسیا بوونەتە هۆی ئەوەی خستنەڕوو تاوەکو یەک ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، لە بازاڕی نەوتدا نەهێڵن.
پێشبینی دەکرێت؛ دۆناڵد ترەمپ لە ماوەیەکی کورتدا لە دوای دەستبەکاربوونی وەک 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، نزیکەی 100 بڕیاری جێبەجێکاری دەربکات، کە یەکێکیان پەیوەستە بە نوێکردنەوەی مۆڵەتی ئەو کۆمپانیایانەی بەنیازن گازی شل هەناردەی دەرەوەی ئەمریکا بکەن.
جگە لەو هۆکارانە، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کاریگەر بووە لەسەر نرخی نەوت و بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەکانی نرخی نەوت لە چەند هەفتەی رابردوودا بەردەوام نەبن.