بانکی ناوەندیی سووریا لقی بانکەکەی لە رەققە دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی لقێکی بانکەکە لە شاری رەققە دەستیپێکردووە.
 
عەبدولقادر حەسریە، پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممە 19-01-2026ـەوە دەستیان بە رێوشوێنە پێویستەکان کردووە بۆ کردنەوەی لقی بانکەکە لە رەققە.
 
حەسریە دەڵێت، ئامانج لەم هەنگاوە بووژاندنەوەی ئابووری و دامەزراوەییە لە شارەکەدا، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای عەرەبیی سووریا شارەکەی کۆنترۆڵ کردەوە.
 
حەسرییە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، "کردنەوەی لقەکە هاوکات دەبێت لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی گۆڕینەوەی دراو، ئەمەش بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ مامەڵە داراییەکانی هاووڵاتییان، رێکخستنی ئاڵوگۆڕی نەختینە و پشتگیریکردنی چالاکییە بازرگانییەکان لە رەققە."
 
پارێزگاری بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەش کرد، کار دەکەن بۆ هاندانی بانکەکانی دیکە تاوەکو لقەکانیان لەو شارە بکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی کوالیتی لە ئاستی خزمەتگوزارییە بانکییەکان، وەک سپاردن و دانانی پارە، راکێشان و گواستنەوەی پارە و دابینکردنی قەرز بۆ وەبەرهێنەران.
 
سوپای عەرەبیی سووریا لە چەند رۆژی رابردوودا کۆنتڕۆڵکردنی شاری تەبقە، رەققە، بەنداوی فورات و چەندین گوند و کێڵگەی نەوت و گازی لە گوندەواری رەققە راگەیاندبوو.
 
رۆژی یەکشەممە 18-01-2026 محەممەد عەنجەرانی، وەزیری کارگێڕیی ناوخۆ و ژینگەی سووریا گوتی، رێنمایی دراوە بە لایەنی راسپێردراو بۆ کاروباری کارگێڕی لە رەققە تاوەکو دەستبەجێ دەست بە چالاککردنەوەی فەرمانگەکان و ئەنجوومەنەکان بکەن، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ هاووڵاتییان.