کۆمپانیای نەوتی سووریا: کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئامادەن بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە گازییەکان
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی سووریا رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی پلانی هەیە "وەرچەرخانێکی گەورە" لە کەرتی نەوت و گازدا بکات. دەشڵێت، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی عومەر لە 50 هەزار بەرمیلەوە بۆ تەنیا 5 هەزار بەرمیل دابەزیوە.
یوسف قەبلاوی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی سووریا رایگەیاند، حکومەت بە نیازە لە رێگەی بەشداریپێکردنی کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان و بەکارهێنانی کادری نیشتمانی، کێڵگە نەوتییەکان نۆژەن بکاتەوە.
قەبلاوی ئاماژەی بەوە کرد، کێڵگەی عومەر کە نزیکەی 900 بیری نەوتی تێدایە، پێشتر رۆژانە نزیکەی 50 هەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم دەهێندرا، بەڵام ئێستا بەرهەمەکەی تەنیا 5 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا، ئەمەش پێویستی بە پلانێکی خێرا هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی سووریا گوتیشی، "لە ماوەیەکی کورتدا کێڵگەی عومەر دەبێتە موڵکی کۆمپانیاکەمان و پلانمان هەیە بۆ وەرگرتنەوەی سەرجەم بیرە نەوتییەکانی ناوچەکە و نۆژەنکردنەوەیان."
قەبلاوی لەبارەی خواستی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوت و گازییەکان گوتی، "کۆمپانیا نوێیەکانی ئەمریکا ئارەزووی خۆیان پێشانداوە بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە گازییەکانی پارێزگای حەسەکە، ئەمەش لە چوارچێوەی فراوانکردنی وەبەرهێنانی بیانی لە کەرتی وزەدا."
لەبارەی دۆخی ئەمنیی کێڵگەکان، قەبلاوی ئاشکرای کرد کە حکومەت لەگەڵ "سوپای عەرەبیی سووریا" لە هاوئاهەنگیدایە بۆ وەرگرتنی سەرجەم کێڵگەکان و دابینکردنی ئاسایش بۆیان، تاوەکو مەرجە تەکنیکییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان بڕەخسێندرێت.
هەروەها گوتیشی، کۆمپانیاکە پلانی هەیە لە قۆناخی داهاتوودا و دوای تەواوبوونی رێکارە تەکنیکییەکان، دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکاتەوە. هاوکات لەگەڵ پارێزگای دێرەزوور گفتوگۆ دەکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی دەوروبەری کێڵگەکان و باشترکردنی باری گوزەرانی خەڵک.
رۆژی یەکشەممە، کۆمپانیای نەوتی سووریا رایگەیاند تیمە تەکنیکییەکانیان و هێزەکانی پاراستن، ئەو کێڵگە نەوتییانەیان وەرگرتووەتەوە کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون، ئێستاش تیمە پسپۆڕەکان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی زیانەکان و دانانی بەرنامەی کارن بۆ گەڕانەوەی ئەو کێڵگانە بۆ خزمەتگوزاری.
کێڵگەی عومەر یەکێکە لەو کێڵگە نەوتییانەی هەسەدەی لێ کشایەوە و بەپێی رێککەوتنە 14 خاڵییەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزارەری سووریا، رادەستی سوپای عەرەبیی سووریا کرا.