نزیکەی 9 ملیار دینار بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرجکرا
رووداو دیجیتاڵ
لەو 60 ملیار دینارەی حکومەتی عێراق وەکو شایستەی جووتیاران بڕیاری خەرجکردنی داوە، نزیکەی نۆ ملیار دیناری بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستانە.
دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، سەروەر کەمال، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ حکومەتی عێراق بڕیاری دا بڕی 60 ملیار دینار وەک شایستەی دارایی جووتیاران بۆ ساڵی 2024 دابەش بکات، لەو بڕە 8 ملیار و 945 ملیۆن دینار بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە."
لەبارەی وردەکاریی دابەشکردنی ئەو پارەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بریکاری وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد، پارەکە بەم شێوەیە دابەشدەکرێت:
پارێزگای سلێمانی: 3 ملیار و 498 ملیۆن دینار.
پارێزگای هەولێر: 2 ملیار و 842 ملیۆن دینار.
پارێزگای دهۆک: 2 ملیار و 605 ملیۆن دینار.
ئەمە "وەجبەی چوارەم"ـی دابەشکردنی شایستەی دارایی جووتیارانە لە هەرێمی کوردستانە، سەروەر کەمال گوتی، "پێویست بوو تاوەکو ئێستا جووتیاران هەموو شایستە داراییەکانیان وەربگرتایە."
ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق 120 واژۆ کۆکرایەوە بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2025، کە زیاتر لە 200 ملیار دینار شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە.
پار حکومەتی عێراق بڕیاری دا، تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە 10ـی حوزەیرانەوە تاوەکو 20ـی تەممووز دەرگەی سایلۆکانی هەرێمی کوردستانی کردەوە. هەروەها زیاتر لە پێنج ملیۆن تۆن گەنم لەعێراق بەرهەمهێندرا.
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەی ساڵی 2025 بەشێوازی نوێی ئاودێری بەرهەم هێنرابێت، هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێ، ئەگەر بەشێوازی کۆن ئاودرابێت هەر تۆنێکی بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.