داخستنەوەی تەنگەی هورمز نرخی نەوتی بەرزکردەوە؛ بۆرسەکانی ئەمریکا و ئەورووپا پاشەکشەیان کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

پشکی کۆمپانیاکان لە بۆرسەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەورووپا رۆژی دووشەممە دابەزینیان بەخۆیەوە بینی، لە کاتێکدا نرخی نەوت بە خێرایی بەرزبووەوە. ئەم گۆڕانکارییانە دوای ئەوە دێن، ئێران جارێکی دیکە تەنگەی هورمزی داخستەوە و ترس لە هەڵگیرسانەوەی جەنگ لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە، باڵی بەسەر بازاڕەکاندا کێشاوە.
 
رۆژی دووشەممە 20-04-2026 کاتلین بروکس، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە کۆمپانیای (XTB) رایگەیاند، "کەشی بازاڕ لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا زۆر جیاوازە لە رۆژی هەینی."
 
رۆژی هەینی، دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، رێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز دەدات، نرخی نەوت دابەزینێکی زۆری بەخۆیەوە بینی؛ بەڵام رۆژی دووشەممە، کاتێک تاران بڕیاری داخستنەوەی تەنگەکەی دا و ئەمریکای بە پێشێلکردنی ئاگربەست و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی تۆمەتبار کرد، نرخی نەوت دووبارە بەرزبووەوە.
 
بەپێی دوایین ئامارەکانی بازاڕ (تاوەکو کاژێر 16:30 بە کاتی هەولێر):
 
نەوتی تێکساس: 4.5٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 86.32 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
نەوتی برێنت: 3.8٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 93.85 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
 
دەیڤد مۆریسن، شرۆڤەکار لە کۆمپانیای (Trade Nation) رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز، ترسی لە پچڕانی دابینکردنی وزە دروست کردووە. مۆریسن گوتیشی: "ناڕوونییەکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی ئایا دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد بەردەوام دەبن یان نا، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئێران رایگەیاند تاوەکو گەمارۆی سەر بەندەرەکانی هەڵنەگیرێت، بەشداریی هیچ گفتوگۆیەک ناکات."
 
لەکاتێکدا بۆرسەکانی ئاسیا (تۆکیۆ، هۆنگ کۆنگ و شەنگەهای) بەرزبوونەوەیان بەخۆیەوە بینی وەک کاردانەوەیەک بۆ بەرزبوونەوەکەی رۆژی هەینیی ئەمریکا، بەڵام بۆرسەکانی رۆژئاوا رۆژی دووشەممە بە سووری داخران:
 
وۆڵ ستریت: پێوەرەکانی S&P 500 و Nasdaq کەمتر لە 0.2٪ دابەزین.
 
ئەورووپا: بۆرسەی فرانکفۆرت 1.0٪، پاریس 1.8٪ و لەندەن 0.5٪ پاشەکشەیان کرد.
 
رەس مۆڵد، بەڕێوەبەری وەبەرهێنان لە (AJ Bell) پێیوایە، پاشەکشەی بۆرسەکانی ئەورووپا وێنەیەکی راستەقینەتری کەشی بازاڕ نیشان دەدات، کە پڕە لە دڵەڕاوکێ و ماندووبوون لە بەردەوامیی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
پەکخستنی بەندەرەکانی ئێران لە لایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە بووەتە گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان. تاوەکو ئێستا تەنیا یەک دانیشتن لە 11ـی نیسان لە ئیسلامئاباد بەڕێوەچووە، کە بێ ئەنجام کۆتایی هات.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە رایگەیاندبوو، پێشنیازێکی "دادپەروەرانە"یان داوەتە ئێران و هەڕەشەی تەختکردنی ژێرخانی ئەو وڵاتەی کرد ئەگەر رێککەوتن نەکرێت. لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری داوە، تێپەڕبوون لە تەنگەی هورمز بێ مۆڵەتی تاران، وەک "هاوکاریکردنی دووژمن" سەیر دەکرێت و کەشتییە سەرپێچیکارەکان دەکرێنە ئامانج.
 
کریستۆفەر وێستن لە کۆمپانیای (Pepperstone) دەڵێ، بازرگانان ئێستا خەریکی هەڵسەنگاندنن بزانن ئایا لەم هەفتەیەدا ئاگربەستەکە رزگار دەکرێت یان رووبەڕووی هەڵکشانێکی سەربازیی گەورەتر دەبینەوە.