بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دابەزی

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی لەنێویاندا وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان گیانیان لەدەستدا، بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلار دابەزی.
 
ئێستا یەک دۆلاری ئەمریکی بە 60 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
هەرچەندە بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار تاوەکو رۆژی یەکشەممە کە هەلیکۆپتەری سەرۆککۆماری ئێران تووشی رووداو بوو بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوە و یەک دۆلار بە 57 هەزار تمەنی ئێران مامەڵەی پێوە دەکرا؛ بەڵام لەدوای ئەو رووداوە، بەهای تمەن ئاراستەی بەرەو دابەزین گۆڕی.
 
مانگی رابردوو کاتێک ئیران هێرشی مووشەکی و درۆنیی کردە سەر ئیسرائیل، بەهای دۆلار بەرامبەر بە تمەن بەرزبووەوە بۆ 70 هەزار تمەن.
 
بەڵام هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لەو کاتە بەدواوە بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی بەردەوامی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار، بە چەشنێک بەیانیی رۆژی یەکشەممە یەک دۆلار بۆ ماوەیەک دابەزی بۆ کەمتر لە 57 هەزار تمەن.
 
بەپێی شرۆڤەکاران و شارەزایانی ناوخۆ لە ئێران، نادڵنیاییەکانی پەیوەست بە گیانلەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بەهای تمەن دادەنێت و بە ئەگەری زۆرەوە لە چەند رۆژ و هەفتەی داهاتوودا بەهای تمەن بەردەوام دەبێت لە دابەزین.