بەریتانیا سزاکانی سەر نەوتی رووسیا سووک دەکات؛ هۆکارەکە جەنگی ئێرانە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، سزاکانی سەر نەوتی رووسیای سووک کرد. ئەم بڕیارە نوێیەی حکومەتی بەریتانیا رێگە دەدات ئەو سووتەمەنییەی کە لە نەوتی رووسیاوە بەرهەم دەهێنرێ، هاوردەی بەریتانیا بکرێ. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە جەنگی ئێران بووە هۆی بەرزبوونەوەی چاوەڕواننەکراوی نرخی سووتەمەنی و وای کرد ستامەر بە بڕیارەکانی پێشوویدا بچێتەوە.
 
کیەر ستارمەر، پێشتر رایگەیاندبوو، رێگری لە هاوردەکردنی ئەو سووتەمەنییە دەکات کە لە نەوتی رووسیاوە بەرهەم دەهێنرێ و لە وڵاتی سێیەم دەپاڵێورێ، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو قەیرانەی جەنگی ئێران دروستی کردووە، ستامەر رێگەی دا بەشێک لە بەنزین و سووتەمەنیی فڕۆکە کە لە نەوتی خاوی رووسی بەرهەم هێنراون، هاوردەی بەریتانیا بکرێ.
 
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە پێش جەنگ، پاڵاوگەکانی کەنداو 65%ی سووتەمەنیی فڕۆکەی بەریتانیایان دابین دەکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی سووتەمەنییەکە دەبێت بە ناو تەنگەی هورمزدا تێپەڕێت، لەوەتەی جەنگی ئێران لە کۆتایی شوباتی 2026 دەستیپێکردوە، هاوردەکردنی سووتەمەنییەکە راوەستاوە و، نرخی سووتەمەنیی فڕۆکە 103% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 150 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە کاتێکدا پێش جەنگ بە 73 دۆلار بوو.
 
ناڕەزایەتییەکان دژی بڕیارەکەی ستامەر
 
کیمی بادینۆک، رێبەری پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، بە تووندی رەخنەی لەم بڕیارەی سەرۆکوەزیران گرت و گوتی، "حکومەتەکەی ستامەر بە بێدەنگی مۆڵەتی بە هاوردەکردنی سووتەمەنیی داوە کە لە نەوتی رووسیاوە بەرهەم دەهێنرێ."
 
ڤلادیسلاڤ ڤلاسۆک، کۆمیسیاری ئۆکراینا بۆ سیاسەتی سزاکان، بە رۆژنامەی تێلیگرافی راگەیاند، هەرچەندە ئۆکراینا لە هۆکاری ئەم بڕیارە تێدەگات کە بۆ رێگریکردنە لە شڵەژانی بازاڕی وزەی بەریتانیا، بەڵام بە بڕیارەکە دڵخۆش نین. هەروەها گوتی، "دەبێت گوشارەکان لەسەر داهاتی وزەی رووسیا تـووندتر بکرێن چونکە هەر داهاتێکی زیادە رووسیا لەم کارە دەستی دەکەوێت، بۆ جەنگی دژ بە ئۆکراینا بەکاری دەهێنێت."
 
ئیمێڵی تۆرنبێری، سەرۆکی لێژنەی کاروباری دەرەوەی پارتی کار، ستامەری بەوە تۆمەتبار کرد کە پشتی لە گەلی ئۆکراینا کردووە و گوتی، "تەنیا لەبەرئەوەی وڵاتانی دیکە بە هەڵە رەفتار دەکەن، مانای ئەوە نییە ئێمەش وەک ئەوان بکەین. ئێمە بەریتانیایین و سەرکردایەتیی جەنگمان دژی رووسیا کردووە، ئۆکراینا ئێستا زۆر لێمان بێئومێدە."
 
بەرژەوەندیی خێزانەکانی بەریتانیا
 
دان تۆملینسۆن، سکرتێری گەنجینەی بەریتانیا، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (سکای نیوز) بەرگری لە بڕیارەکە کرد و رایگەیاند، دەبێت بەرژەوەندیی ئابووریی خێزانە بەریتانیاییەکان لەپێشینە بێت. ئەو گوتی، "ئەرکی ئێمە وەک حکومەت ئەوەیە کە لە کاتی ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا پارێزگاری لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی بەریتانیا و دارایی خێزانەکان بکەین."
 
لە ساڵی 2022ـەوە و دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، بەریتانیا سزای تـووندی بەسەر مۆسکۆدا سەپاندووە، بەڵام جەنگی نوێی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر ئێران، کە لە سەرەتای ساڵی 2026 دەستیپێکرد، هەموو هاوکێشەکانی وزەی گۆڕی و وای کرد نرخی سووتەمەنی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە.
 
ئێستا حکومەتی بەریتانیا لە نێوان پشتگیریکردنی ئۆکراینا و بەرژەوەندی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دووچاری ئاڵنگارییەکی گەورە بووەتەوە.