دوو سکاڵاکەی سەر گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی رەتکرانەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەو دوو سکاڵایەی لەسەر گرێبەستەکانی ئەم دواییانەی نەوت و گازی هەرێمی لە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق تۆمارکرابوون، پووچەڵ و رەتکرانەوە.
 
دوو سکاڵاکەی سەر گرێبەستەکانی نەوت لەلایەن هەریەک لە رائید حەمدان مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی و باسم نەغیمش غرێباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، لەدژی سەرۆکوەزیران و وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابون.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی دادگەی فیدراڵیی عێراق، سکاڵاکەی رائید مالیکی پووچەڵکراوەتەوە و سکاڵاکەی باسم غرێباوی-ش رەتکراوەتەوە. 
 
هەردوو سکاڵاکە داوای نادەستووریبوون و بەتاڵکردنەوەی ئەو گرێبەستانەیان دەکرد، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 19-05-2025 لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکانی (وێسترن زاگرۆس و HKN Energy) بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی نەوتی (میران و تۆپخانە - گردەمیر) واژۆی کردبوون.
 
سکاڵاکاران ئەو گرێبەستانە بە "نادروست" و "نادەستووری" وەسفکردووە و داوایان دەکرد هەرێمی کوردستان پابەند بکرێت بەوەی هیچ گرێبەستێکی نەوت و گاز بەبێ رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵی واژۆ نەکات.
 
یەکێک لە سکاڵاکان داوای دەرکردنی "فەرمانسالاری دەکرد، بۆ راگرتنی خێرای رێکارەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستەکان تاوەکو یەکلابوونەوەی داواکە."
 
19ـی ئایارى 2025، لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەست لە بواری وزەدا، بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی بە ناوەکانی وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کران کە تایبەتن بە کەرتى گاز.
 
وەزارەتى نەوتی عێراق، دوو راگەیێندراوى لەبارەى ئەو رێککەوتنە دەرکرد، دواترینیان لە 23ـى ئایار بوو کە تێیدا دەڵێت: "هیچ رێگری و تێبینییەکمان نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بەڵام مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەبێ ئێمە نادەستوورییە".
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند بوو، کە ئەو رێککەوتنەی واژۆیان کردووە گرێبەستی نوێ نین، بەڵکو "پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و رەواییان داناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە."