نرخی زیو ئاستێکی مێژوویی تۆمارکرد؛ 67 دۆلاری تێپەڕاند

رووداو دیجیتاڵ

لەکاتی داخرانی بازاڕەکانی جیهاندا نرخی ئۆنسەیەک زیو بە رێژەی 2.6% یاخود 1.71 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 67.16 دۆلار.  کیلۆیەک زیویش بە 2159 دۆلارە.
 
لە مامەڵەکانی رۆژی هەینی، زیو ئاستی 67.45 دۆلاریشی تۆمارکردبوو کە بەرزترین ئاستی نرخەکەیەتی لە مێژوودا.
 
چوارەمین هەفتەی لەسەریەکە زیو بە بەرزبوونەوە کۆتایی بە مامەڵەکانی هەفتانە دەهێنێت. تەنیا هەفتەی رابردوو نزیکەی 6 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا نرخی زیو 132٪ گرانبووە، لەکاتێكدا زێڕ 65٪ گرانبووە.
 
هۆکاری ئەم بەرزبوونەوە زۆرە بۆ زیادبوونی خواست بۆ وەبەرهێنان و کەمیی خستنەڕووی ئەم کانزایە لە بازاڕەکاندا دەگەڕێتەوە.
 
مایکل ماتۆسێک، شرۆڤەکاری باڵا لە کۆمپانیای 'یو ئێس گڵۆباڵ ئینڤێستەرس' دەڵێت، "زێڕ و زیو پەیوەندییەکی بەهێزیان بەیەکەوە هەیە، بەزۆری زێڕ رێبەریی بەرزبوونەوەکە دەکات، بەڵام لە دوو مانگی رابردوودا بینیمان زیو پێش زێڕ کەوتووە."
 
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زیو بۆ ئامارە ئابوورییەکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە. رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ مانگی تشرینی دووەم دابەزیوە بۆ 2.7%، کە ئەمەش کەمتر بوو لەو 3.1%ـەی ئابووریناسان پێشبینییان دەکرد.
 
هاوکات، بێکاری لە ئەمریکا بۆ 4.6% بەرزبووەتەوە، کە ئەمە بەرزترین ئاستە لە دوای ئەیلوولی 2021ـەوە. 
 
ئەم دوو فاکتەرە وای لە وەبەرهێنەران کردووە دڵنیابن لەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ساڵی داهاتوودا سوودی بانکی کەم دەکاتەوە.
 
فیلیپ ستریبل، ستراتیژیناسی باڵای بازاڕەکان لە کۆمپانیای 'بلو ڵاین فیوچەرز' ئاماژە بەوە دەکات کە "داتا لاوازەکانی کەرتی کار و دابەزینی هەڵاوسان، ئەوە دەسەلمێنن کە دەبێت بانکی ناوەندی بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتی کەمکردنەوەی سوود."
 
جگە لە لایەنی دارایی، لایەنی پیشەسازی و کەمیی بڕی زیو لە بازاڕەکاندا کاریگەریی گەورەی هەبووە. راپۆرتە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بازاڕی لەندەن، کە ناوەندی سەرەکیی بازرگانیی زیوە، رووبەڕووی کەمیی خستنەڕوو بووەتەوە و پێشبینی دەکرێت ئەم گوشارە و کەمیی زیوە تاوەکو ساڵی 2026 بەردەوام بێت.
 
ئێستا بازرگانان گرەو لەسەر ئەوە دەکەن کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ساڵی 2025دا، لانی کەم دوو جار رێژەی سوودی بانکی بە بڕی 25 خاڵی بنچینەیی کەم بکاتەوە، ئەمەش وەک پاڵنەرێکی بەهێز بۆ بەرز مانەوەی نرخی کانزا گرانبەهاکان دەبینرێت.