بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار 7.3% دابەزی؛ یەکێک لە هۆکارەکان هێرشەکەی ئێرانە بۆسەر هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەردەوام بوو لە نزمبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردوو، بەتایبەتی لەدوای هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پاکستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە یەک دۆلاری ئەمریکی بە 54 هەزار و 100 تمەن مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی شارەزایانی دراو لە ناوخۆی ئێران، کەمیی دۆلار و بەرزبوونەوەی خواست لە بازاڕی دراوی ئێران دوای هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ وڵاتانی دراوسێ، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریکییە.
بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن لە چەند مانگی رابردوودا بە جێگیری مابووەوە و یەک دۆلار بەرامبەر بە نزیکەی 50 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرا.
بەڵام لە هەفتەی رابردووەوە بەهای دۆلار بەرامبەر بە تمەن رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بەو پێیەش بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار لەو ماوەیەدا بە رێژەی 7.3% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
عەلی چەشمی، ئابووریناسێکی ئێرانی لەوبارەیەوە رایگەیاند، "بە تەنیا لە وەرزی بەهاردا بەپێی داتا فەرمییەکان، نزیکەی 9.3 ملیار دۆلار سەرمایە لە ئێران چووەتە دەرەوە و رێژەی هەڵاوسان و گەشەی نەختینەش بەردەوام سەرووی 40% بووە."
ئەو ئابووریناسە ئێرانییە دەڵێت، کورتهێنانی بودجەی ئیران و رەوشی خراپی سندووقەکانی خانەنشینی و بانکەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە بۆچی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن بەرز دەبێتەوە.
شارەزایانی ئابووری و بازاڕی دۆلار لە ئێران پێیانوایە، هەرچەندە لە کورتمەودا بەهۆی خستنەڕووی دۆلار دەکرێت بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن بە رێژەیەکی کەم گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و بەرز ببێتەوە، بەڵام لە دوورمەودا بەهای دۆلار پەیوەندیی بە هەڵاوسان و زیادبوونی نەختینەی تمەن هەیە کە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی تمەن لە داهاتوودا بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی زیاتر بەهای خۆی لەدەستبدات.
لە بووڵتەنی ئابووریی رۆژی 21-1، محەممەد شێخ فاتیح بە گرافیک روونی کردەوە کە چۆن گۆڕانکاری بەسەر بەهای تمەندا هاتووە لە ساڵی 2018ـەوە تاوەکو ئێستا. جیاوازییەکە بەشێوەیەکە، ئەگەر ئەوکات، 2018، یەک دۆلارت پێ بووایە، دەتتوانی بە 10 هەزار تمەن بیگۆڕییەوە، بەڵام ئەمڕۆ یەک دۆلار بە سەرووی 54 هەزار تمەن دەگۆڕێتەوە.