نرخی زێڕ ریکۆردی نوێی تۆمار کرد؛ بەرزترینە لە مێژوودا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 80 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4847 دۆلار.
نرخی زێڕ بۆ گرێبەستەکانی داهاتووش 73 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4838 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
سێ رۆژی لەسەریەکە نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە.
لە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە کە یەکەمین رۆژی کرانەوەی بازاڕ بووە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 250 دۆلار بەرزبووەتەوە.
لە هەرێمی کوردستانیش دوێنێ سێشەممە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتە یەک ملیۆن دینار. ئەوکاتە ئۆنسەیەک زێڕ بە 4726 دۆلار بوو؛ 100 دۆلاریش بە 148 هەزار و 300 دینار.
بەم نرخەی ئێستای ئۆنسە، دەکرێت لەکاتی کرانەوەی بازاڕەکاندا، ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بگاتە ئاستی ملیۆنێک و 10 هەزار بۆ ملیۆنێک و 20 هەزار دینار.
ئەم بەرزبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کڕینی دوورگەی گرینلاند، ترسی هەڵگیرسانەوەی شەڕی بازرگانی و تێکچوونی هاوپەیمانیی ناتۆی لای وەبەرهێنەران دروستکردووە.
کایڵ رۆدا، شرۆڤەکاری باڵای بازاڕ لە دامەزراوەی کاپیتاڵ رایگەیاند، "ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی زێڕ رەنگدانەوەی نەمانی متمانەیە بە ئەمریکا، کە هۆکارەکەی هەنگاوەکانی ترەمپە بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی ئەورووپی و گوشارەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرینلاند. ئەم دۆخە ترسێکی زۆری لەبارەی گرژییە جیۆسیاسییەکان دروستکردووە."
رۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە کە لە ئامانجەکەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرینلاند "پاشەکشە ناکات" و رەتیکردەوە بژاردەی هێز بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو دوورگەیە دووربخاتەوە، هاوکات رەخنەی توندی لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ گرت.
ترەمپ گوتی، "کارێک دەکەین کە ناتۆ زۆر دڵخۆش بێت و ئێمەش زۆر دڵخۆش بین."
لە بەرامبەردا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە گوتارێکیدا لە کۆڕبەندی داڤۆس، بە توندی وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپی دایەوە و رایگەیاند، ئەوروپا تەسلیمی "تۆقاندن و شەڕفرۆشتن" نابێت و رێگە نادات بەهۆی پرسی گرینلاندەوە پێناسی گومرگیی قورسی بەسەردا بسەپێندرێت.
بەهۆی ئەو نادڵنیاییە سیاسییەوە، وەبەرهێنەران روویان لە کڕینی زێڕ کردووە وەک "پەناگەیەکی ئارام" و دەستبەرداری دۆلار و قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا دەبن. ئەمەش وایکردووە نرخی دۆلار بەرامبەر یۆرۆ و فرانکی سویسری بۆ نزمترین ئاستی سێ هەفتەی رابردوو دابەزن.
رۆژی 28ـی ئەم مانگە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاری نوێی خۆی لەبارەی رێژەی سوود رادەگەیێنێت. پێشبینی زۆرینەی ئابووریناسان ئەوەیە کە بانکەکە رێژەی سوود وەک خۆی دەهێڵێتەوە.