ئۆنسەیەک زیو نزیکەی 8٪ بەرزبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی ئۆنسەیەک زیو 7.78٪ یاخود 6.10 دۆلار بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی بە 84.62 دۆلارە.
 
بەم پێیە کیلۆیەک زیویش بە 2720 دۆلارە لە بازاڕەکانی جیهان.
 
بەرزبوونەوەی نرخی زیو دوای دابەزینی نرخی دۆلار بەهۆی بڕیارێکی دادگەی باڵای ئەمریکا و زیادبوونی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دێت.
 
دادگەی باڵای ئەمریکا بڕیارێکی دژی سەپاندنی پێناسە گومرگییە گشتگیرەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دا، ئەوەش بووە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار و زیادبوونی خواست لەسەر کانزا گرانبەهاکان وەک "پەناگەیەکی ئارام".
 
لە بەرامبەردا، ترەمپ دوای بڕیارەکە راستەوخۆ بە زیادکردنی پێناسی گومرگی بە رێژەی 10٪ لەسەر هاوبەشە بازرگانییەکان، وەڵامی دادگەی باڵای وڵاتەکەی دایەوە.
 
بەرزبوونی نرخی زیو هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی داتاکانی ئابووریی ئەمریکا؛ کۆی گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی لە چارەکی چوارەمدا بە رێژەی 1.4% بووە کە کەمترە لە چاوەڕوانییەکان، بەڵام لە بەرامبەردا رێژەی خەرجییەکانی بنەڕەتیی بەکاربردنی تاک لە ئاستی 3%دا ماوەتەوە. 
 
ئەم دژایەتییە لە نێوان داتاکاندا، کارەکەی بۆ بانکی ناوەندیی ئەمریکا قورس کردووە و بەرپرسانی بانکەکەی لەسەر پرسی کەمکردنەوەی سوودی بانکی دابەش کردووە.
 
جگە لە لایەنە داراییەکە، خواستی پیشەسازی رۆڵێکی سەرەکی لە بەرزبوونەوەی نرخی زیودا دەگێڕێت. 
 
هۆکارێکی دیکەی ئەم بەرزبوونەوە زۆرەی زیو بۆ زیادبوونی مەترسییەکانی پێکدادانی سەربازی لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەگەڕێتەوە. نادڵنیایی لە دۆخی جیۆسیاسی وایکردووە وەبەرهێنەران بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان روو لە کڕینی زیو بکەن کە بەراورد بە زێڕ، بەوە ناسراوە کە زووتر و خێراتر نرخەکەی دەگۆڕێت.