ترەمپ پێناسی گومرگی بە رێژەی 10% بەسەر هەموو جیهاندا دەسەپێنێت
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ بڕیارێکی نوێی تایبەت بە سەپاندنی 10% پێناسی گومرگیی زیادە بەسەر هەموو ئەو کاڵایانەدا واژۆ کرد کە هەناردەی وڵاتەکەی دەکرێن. ئەم هەنگاوە دوای تەنیا چەند کاژێرێک دێت لە بڕیارێکی دادگەی باڵای ئەمریکا کە تێیدا زۆربەی پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپی بە "بێپاساو" لە قەڵەم دا.
شەوی رابردوو بە کاتی ئەمریکا و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی کوردستان، دۆناڵد ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ نووسی، "شانازییەکی گەورەیە بۆ من کە هەر ئێستا پێناسێکی گومرگیی جیهانیی 10%م بەسەر هەموو وڵاتاندا واژۆ کرد، کە دەستبەجێ کاری پێ دەکرێت."
دوێنێ هەینی 20-02-2026، دادگەی باڵای ئەمریکا کە زۆرینەی دادوەرەکانی پارێزگارن، بە 6 دەنگ بەرامبەر بە 3 دەنگ، بڕیاریدا یاسای ساڵی 1977 (کە ترەمپ پشتی پێ بەستبوو بۆ سەپاندنی پێناسی کتوپڕ بەسەر وڵاتاندا) دەسەڵات نادات بە سەرۆک کە پێناسی گومرگی بسەپێنێت. جۆن رۆبێرتس، سەرۆکی دادوەران، لە نووسراوی بڕیارەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، کۆنگرێس ئەو دەسەڵاتە نائاساییەی بە سەرۆک نەداوە.
ترەمپ شەوی رابردوو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، "هەست بە شەرمەزاری دەکەم لە بەرامبەر کاری هەندێک لە ئەندامانی دادگە، کە بوێریی ئەوەیان نەبوو کاری راست بۆ وڵاتەکەمان بکەن."
ترەمپ بانگەشەی ئەوەشی کرد، دادگەکە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی لایەنی دەرەکی، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە ئەو "بەهێزتر" دەکات و دەتوانێت پێناسی زیاتریش بسەپێنێت.
وردەکاریی پێناسە نوێیەکە
پێناسە 10%یە نوێیەکە لە 24ی شوباتەوە دەستپێدەکات و بۆ 150 رۆژ بەردەوام دەبێت.
بەپێی راگەیێندراوی کۆشکی سپی، کەرتی دەرمانسازی و ئەو کاڵایانەی لە چوارچێوەی رێککەوتنی (ئەمریکا-مەکسیک-کەنەدا) هاوردە دەکرێن، لەم پێناسە بەدەر دەکرێن.
تەنانەت ئەو وڵاتانەی پێشتر لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ گەیشتبوونە رێککەوتن، ئێستا رووبەڕووی ئەم 10%ـە دەبنەوە. سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم شێوازە جێگرەوەیە وادەکات داهاتی پێناسی گومرگی لە ساڵی 2026دا وەک خۆی بمێنێتەوە.
بڕیارەکەی دادگەی باڵا دەرگایەکی گەورەی بۆ کێشەی یاسایی کردووەتەوە. زانکۆی پێنسلڤانیا دەڵێ، رەنگە حکومەت ناچار بێت بڕی 175 ملیار دۆلار بۆ ئەو کۆمپانیایانە بگەڕێنێتەوە کە پێناسی نایاساییان لێ سەندراوە. گاڤن نیوسەم، حاکمی کالیفۆرنیا داوای کرد دەستبەجێ هەموو دۆلارێکی ئەو "تاڵانییە نایاساییە" بە زیادەوە بۆ خەڵک بگەڕێندرێتەوە. بەڵام ئیلیزابیس وارن، سیناتۆری دیموکراتەکان هۆشداری دا کە هێشتا هیچ میکانیزمێکی یاسایی نییە بۆ ئەوەی خەڵک و کۆمپانیا بچووکەکان ئەو پارە وەربگرنەوە کە پێشتر داویانە.
یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا دەڵێن، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە بڕیارەکەی دادگە. کەنەداش وێڕای پێشوازیکردن لە بڕیارەکە، خۆی بۆ ئاڵۆزیی زیاتر ئامادە دەکات. کانداس لەینگ، سەرۆکی ژووری بازرگانیی کەنەدا رایگەیاند، دەبێت کەنەدا ئامادەی گوشارە بازرگانییە نوێیەکانی ئەمریکا بێت کە رەنگە کاریگەریی وێرانکەریان هەبێت.