ساڵانە بەرهەمی کشتوکاڵ و باخداریی لوڕستان دەگاتە 2.7 ملیۆن تۆن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی لوڕستان دەڵێ، ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 هەزار تۆن بەروبوومی کشتوکاڵی و باخدارییان هەیە کە نزیکەی 360 هەزار تۆنی تایبەتە بە بەروبوومی باخەکان.
 
ئەمڕۆ شەممە 21-02-2026، نامدار سەیادی، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، بەشێک لە بەروبوومی کشتوکاڵ و باخداریی سنوورەکە هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەکرێت.
 
بەگوتەی نامدار سەیادی، رووبەری باخەکانی هەنجیری لوڕستان دەگاتە دوو هەزار و 500 هێکتار کە ''ساڵانە نزیکەی 45 هەزار تۆن بەرهەمیان هەیە و جگە لە پێداویستیی نێوخۆیی، بەشێکی بۆ پارێزگاکانی دیکەش دەنێردرێت.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی لوڕستان ئاماژەی بە دانەوێڵە، پەتاتە و چەوەندەری پارێزگاکەش کرد و گوتی، ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن و 350 هەزار تۆن بەرهەمیان هەیە و لە بواری دانەوێڵەوە، پلەی یەکەمیان لەسەر ئاستی ئێران هەیە.
 
نامدار سەیادی لەبارەی بەرهەمی باخەکانی پارێزگاکەش دەڵێت، نزیکەی 50 هەزار هێکتار لە رووبەری زەوییەکان کراوەتە باخ کە ساڵانە 350 هەزار بۆ 360 هەزار تۆن بەرهەمیان هەیە.
 
پارێزگای لوڕستان 735 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی و باخداری هەیە کە زیاتر لە 550 هەزار هێکتاری بە شێوەی دێم و 185 هەزار هێکتاریشی بە شێوەی بەراوە.