بارینی بەفر لە شرنەخی باکووری کوردستان نەبووەتە هۆی وەستاندنی بەرهەمهێنانی نەوت
رووداو دیجیتاڵ
لە چیای گابار لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، سەرەڕای ئەوەی بەفرێکی زۆر باریوە، بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوامە.
بۆ ئەوەی رێگەی کێڵگەکانی نەوت لە ئەنجامی بارینی بەفر و سەرمای زۆرەوە دانەخرێن، 120 کارمەند بە 60 ئامێر کاردەکەن و بەفر لە رێگەکاندا لادەبەن.
لە 9 کێڵگەی جیاوازی چیای گابار رۆژانە نزیکەی 81 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێ. هەوڵەکانیش بۆ دۆزینەوەی نەوت لە چەندین شوێنی دیکەی شرنەخ بەردەوامن. بەرپرسانی تورکیا دەڵێن، نزیکەی 3 هەزار کەس لەم بوارەدا کاردەکەن.
نەدیم شەن، ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمیی کۆمپانیای نەوتی تورکیا (TPAO) لە شرنەخ، زانیاریی لەبارەی کارەکان خستەڕوو و رایگەیاند، ئەوان لە بەرزیی 1800 مەتر و لە سەختترین دۆخدا کاردەکەن.
نەدیم شەن گوتی: "لە گابار لەو شوێنانەی بەرزییان دەگاتە 1800 مەتر، کارەکانمان بەبێ پچڕان بەردەوامن. ئێمە لە لایەکەوە رێگاکان دەکەینەوە، لە لایەکی دیکەوە بەرهەمهێنانمان بەردەوامە. 7 رۆژ و 24 کاژێر لەسەر کارین."
شەن ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەندێک شوێن نزیکەی 2 مەتر و نیو بەفر باریوە و گوتی: "ئێمە بە 60 ئامێری کار و 120 کارمەندەوە کاردەکەین. ئامانجمان ئەوەیە تورکیا لە بواری وزەدا ببێتە وڵاتێکی سەربەخۆ، بۆیە ناهێڵین بەرهەمهێنان بوەستێت."
بەگوێرەی ئامارەکان، لە سەرانسەری باکووری کوردستان و تورکیا رۆژانە نزیکەی 180 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێ و شرنەخ بە بەرهەمهێنانی رۆژانەی 81 هەزار بەرمیل لە پلەی یەکەمدایە.