ئۆنسەیەک زێڕ 160 دۆلار دابەزی

رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانیی رۆژی شەممە لەکاتی داخرانی بازاڕە داراییەکانی جیهاندا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 160 دۆلار، یاخود 3.45٪ دابەزی و بە 4491 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە گرێبەستەکانی ئاییندەشدا ئۆنسەیەک زێڕ 30 دۆلار دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 4574 دۆلارە.
 
هەشت رۆژی لەسەریەکە نرخی زێڕ دابەزین تۆماردەکات؛ هەفتەی رابردووش خراپترین هەفتەی بووە لەدوای یەکەم هەفتەی مانگی ئاداری ساڵی 1983ـەوە.
 
زێڕ کە بە شێوەیەکی گشتی لە کاتی گرژییە جیۆسیاسییەکاندا وەک پەناگەیەکی ئارام سەیر دەکرێت و نرخەکەی بەرزدەبێتەوە، لە دۆخی ئێستای شەڕی ئێران نەیتوانیوە ئەو پێگەیەی خۆی بپارێزێت.
 
هەفتەی رابردوو نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 10.32٪، یاخود 532 دۆلار دابەزیوە.
 
لەبری زێڕ، دۆلار وەک سەرمایەیەکی پەناگەی ئارام دەرکەوتووە و لە سەرەتای جەنگی ئێرانەوە بەهێز بووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نرخی زێڕ. 
 
بازاڕەکان نیگەرانن لە کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی هەڵاوسان.
 
بەهۆی هێرشەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی وزەی یەکدی، نرخی نەوت لە سەرووی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک جێگیر بووە.
 
هاوکات بانکی ناوەندیی ئوسترالیا رێژەی سوودی بەرزکردەوە، لە کاتێکدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بانکی ناوەندیی ئەورووپا، بانکی ناوەندیی سویسرا و بانکی ژاپۆن هەموویان رێژەی سوودیان وەک خۆی هێشتەوە و هۆشدارییان دا لەوەی لە مانگەکانی داهاتوودا گۆڕانکاریی کەم روودەدات.
 
روس مۆڵد، بەڕێوەبەری وەبەرهێنان لە کۆمپانیای ئەی جەی بێڵ، پێیوایە هێشتا ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەیە و دەڵێت، "پێگەی زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام رەنگە ئێستا لەبەرچاوی هەندێک کەسدا کەم بووبێتەوە، چونکە نرخی کانزاکە دادەبەزێت، تەنانەت لە کاتێکدا کە جەنگ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بازاڕە داراییەکانیشی هەژاندووە."
 
هەروەها گوتیشی، "نە هێشتنەوەی رێژەی سوود بە بەرزی بۆ ماوەیەکی درێژتر و نە بەهێزبوونی دۆلار رەنگە یارمەتیدەر نەبن بۆ وەبەرهێنان لە کانزا بەنرخەکاندا، بەڵام لە هەردوو کاتی بەرزبوونەوەی نرخەکانیان لە ساڵانی 1971-1980 و 2001-2010، چەندین داکشان و دابەزین روویانداوە کە لە کۆتاییدا رێگر نەبوون لە قازانجی گەورەی زێڕ، بۆیە رەنگە هێشتا زوو بێت بۆ وازهێنان لە زێڕ."