دامەزراوەی کپلەر: سووککردنی سزاکانی سەر نەوتی ئێران کاریگەری نابێت
رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینڤانێکی دامەزراوەی کپلەر دەڵێ، وڵاتانی کەنداو بەرهەمهێنانی نەوتیان بە بڕی 9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمکردووەتەوە.
ئامینە باکر، سەرۆکی بەشی توێژینەوەی وزە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دامەزراوەی کپلەر بۆ توێژینەوە رایگەیاند، بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ سووککردنی سزاکان لەسەر نەوتی ئێران، هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراو بوو.
ئامینە باکر پێیوایە هۆکاری پشت ئەم راگەیێندراوە ئەوەیە کە ئەمریکا زۆر رژدە لەسەر دڵنیابوونەوە لەوەی نرخ لە ماوەی ئەم جەنگەدا بە نزمی دەمێنێتەوە.
بەپێی داتاکانی کپلەر، ئێستا نزیکەی 156 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران لەنێو دەریا و لەسەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانە.
ئامینە باکر دەڵێ، ئێستا دەبێت ببینین ئایا هێشتا خواست هەیە دوای ئەم راگەیێندراوە، چونکە ئەمە مانای وایە لە رووی تەکنیکییەوە کڕیاری زیاتر دەتوانن دەستیان بەم نەوتە خاوە بگات و رەنگە بە نرخێکی بەرزتریش.
بە گوتەی ئەو لێکۆڵینڤانە، بڕیارەکەی ئەمریکا کاریگەرییەکی کەم لەسەر نرخی نەوت دەبێت و نابێتە هۆی دابەزینێکی بەرچاو.
ئامینە باکر جەخت لەوە دەکاتەوە کە "پچڕانی دابینکردن بەهۆی ئەم جەنگەوە هێندە گەورەیە کە گرنگ نییە ئەمریکا چەندە خستنەڕوو و سووککردنی سزا لەم کاتەدا دەکات. ئەمە رێکارێکی کاتییە و ناتوانێت بۆشاییەکە پڕبکاتەوە، واتای ئەوەش نییە کە کردنەوەی تەنگەی هورمز بە خێرایی ببینین".
قسەکانی سەرۆکی بەشی توێژینەوەی وزە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دامەزراوەی کپلەر ئەمڕۆ شەممە، 21ـی ئاداری 2026 لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح.
سەبارەت بە جووڵەی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، ئامینە باکر دەڵێت: "ئێمە چاودێریی هەندێک کەشتیمان کردووە. کەشتییە ئێرانییەکان رێگەی خۆیان لە تەنگەی هورمزەوە کردووەتەوە و زیاتر لە 100 کەشتییان لە سەرەتای جەنگەوە لەو رێڕەوە تێپەڕیون، بەڵام بە گشتی هاتووچۆ لە رێڕەوەکە بە تەواوی بە سنوورداری ماوەتەوە".
ئەو لێکۆڵینڤانەی کپلەر دەڵێ، زۆرێک لە بەرهەمهێنەران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرهەمهێنانیان کەمکردووەتەوە، چونکە کۆگاکانیان پڕ بوون. وڵاتانی وەک عێراق، کوێت، ئیمارات و سعودیە هەموویان بەرهەمهێنانی نەوتیان کەمکردووەتەوە. بڕی کەمکردنەوەکەش رۆژانە 9 ملیۆن بەرمیلە.
ئەو شارەزایەی وزە ئاماژە بەوەش دەکات: "تێپەڕبوونی کەشتییەکان [بە تەنگەی هورمز] زۆر کەم بووە و هەندێک رۆژیش سفرە".
بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە نەوت دروستبووە بەهۆی داخرانی هورمزەوە، ئەمریکا بەشێوەیەکی کاتی، سزاکانی سەر کەرتی نەوتی رووسیای هەڵگرتووە.
ئامینە باکر دەڵێت: "رووسیا دەتوانێت بەرهەمهێنان بە بڕی چەند سەد هەزار بەرمیلێک زیاد بکات، بەڵام ئەوەش بەشی پێویستیی بازاڕ ناکات و کاتییە، بەڵکو تەنیا بەشی 20 بۆ 30 دەکات، بەڵام بەس نییە بۆ داخرانی درێژخایەنی هورمز".
بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، کاژێر 06:30 خولەک، یەکەمین بڕی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەندەری جەیهانی تورکیا کرا.
لە قۆناخی یەکەمدا، رۆژانە 160 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێ، بەڵام دواتر بۆ 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاد دەکرێت.
ئامینە باکر دەڵێت: "ئەو هەنگاوە پێویست بوو، چونکە بەرهەمی نەوتی عێراق راگیراوە و هیچ رێگەیەکی نییە بۆ هەناردەکردنی. ئەم بۆرییە توانای هەیە 250 هەزار بەرمیل بگوازێتەوە. هەرچەندە ئەمە دۆخە گشتییەکە زۆر ئاسان ناکات، بەڵام رێگە دەدات عێراق کە بەرهەمهێنانی بۆ 900 هەزار بەرمیل کەمکردووەتەوە، کەمێک ئاستەکە بەرز بکاتەوە یان لانیکەم رێگری لە زیاتر کەمکردنەوەی زیاتر [ـی بەرهەمهێنانی نەوت] بکات”.
ئامینە باکر دەشڵێت، قەتەر زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە کە بە وێستگەکانی گەیشتووە و ملیاران دۆلار و زیاتر لە پێنج ساڵیان پێویستە بۆ چاککردنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم ساڵ 6%ی بەرهەمی گازی جیهان لە بازاڕ نەمێنێت، کە زستانێکی زۆر سەخت و گازی گران بۆ ئەوروپا دروست دەکات”.
ئامینە باکر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم قەیرانە "شۆکێکی خواستە" و پێچەوانەی کاتی پەتای کۆرۆنایە کە شۆکێکی خواست بوو. ئەو شرۆڤەکارە دەڵێ، پێویستە هەموو بەرهەمهێنەران وەبەرهێنان زیاد بکەن و ئاسایشی وزەیان بپارێزن و نموونەی میسر دەهێنێتەوە کە ئێستا ناچارن کاژێرەکانی کارکردن و رووناکیی شەقامەکان کەم بکەنەوە چونکە پشت بە هاوردە دەبەستن.
ئامینە باکر ئاماژەی بەوەش کرد، ئیماراتیش، بەتایبەت بەندەری فوجەیرە، بەردەوام لەلایەن ئێرانەوە دەکرێتە ئامانج، کە وادەکات ئەم ململانێیە لە کۆتاییهاتن دوور بێت.
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت هەرچەندە فوجەیرە توانای بارکردنی 1.8 ملیۆن بەرمیلی نەوتی هەیە، بەڵام شەڕەکە زۆر تووندە و وڵاتانی کەنداو رۆژانە دەکرێنە ئامانج.