بانکی ناوەندیی عێراق: دۆلار بۆ حاجیان و گەشتیاران دابین دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێ، سەرجەم داواکارییەکانی بانک و کۆمپانیاکانی گۆڕینەوەی دراویان بۆ دابینکردنی دۆلاری ئەمریکی جێبەجێ کردووە کە بۆ مەبەستی گەشتکردن، حەج و حەواڵە دەرەکییەکان تەرخانکرابوو.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی نیسانی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بانکەکەمان وەڵامی سەرجەم داواکارییەکانی بانک و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی داوەتەوە تایبەت بە دابینکردنی دۆلاری ئەمریکی، بە تایبەت ئەو بڕە پارەیەی بۆ حاجیان، گەشتیاران و حەواڵە دەرەکییەکان تەرخان کراوە."
 
بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، لیستی ناوی ئەو کۆمپانیا و بانکانەی رێگەیان پێدراوە دۆلار بە گەشتیاران و حاجیان بفرۆشن، لە ماڵپەڕی فەرمیی بانکی ناوەندی بڵاوکراوەتەوە و دەڵێ، "ئەمەش بە مەبەستی رێکخستنی پرۆسەی فرۆشتنی دراو و دڵنیابوونەوە لە بەڕێوەچوونی کارەکان بەپێی رێنمایی و جێبەجێکردنی مەرجە یاساییەکان."
 
بانکەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هاووڵاتییان و گەشتیاران دەتواننن لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی بانکەکەوە ناوی ئەو ناوەندانە بزانن کە دۆلاریان پێ دەدرێ، تاوەکو بە ئاسانی و بەبێ گرفت مامەڵەکانیان رایی بکەن.
 
ئەم بڕیارەی بانکی ناوەندی لە کاتێکدایە، ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی حەج، داواکاری لەسەر دۆلار زیاد دەکات و حکومەتیش هەوڵ دەدات لە رێگەی نرخە فەرمییەکانەوە کۆنترۆڵی نرخی دراوەکە لە بازاڕدا بکات.