دامەزراوەکانی چاودێریکردنی کەشتییەکان: دوێنێ یەک کەشتی بە هورمزدا تێپەڕیوە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی داتاکانی دامەزراوەکانی چاودێریکردنی کەشتییەکان، دوێنێ دووشەممە تەنیا یەک کەشتی لە کەنداوەوە بە تەنگەی هورمز تێپەڕیوە. ئەمە لەکاتێکدایە پێش شەڕی ئێران، رۆژانە 135 کەشتی بە تەنگەی هورمزدا هاتووچۆیان دەکرد.
ئەو کەشتییەی تێپەڕیوە، ناوی نیرۆیە و ڤێتنامییە و بەرهەمە نەوتییەکانی هەڵگرتووە؛ پێشتر بەهۆی گواستنەوەی نەوتی رووسیاوە لە لایەن بەریتانیاوە سزای خراوەتە سەر. دوو کەشتی دیکەش بە ناوەکانی "ستاروەی" و "ئاکسۆن 1" کە بەرهەمی پێترۆکیمیایی و گازی شلیان بارکردبوو بەرەو کەنداو چوون.
دوای ئەوەی ئێران رۆژی هەینی بۆ ماوەیەکی کورت رایگەیاند کە تەنگەی هورمز کراوەیە، زیاتر لە 12 کەشتی بە تەنگەکەدا تێپەڕین، بەڵام دواتر ئێران تەنگەکەی داخستەوە، ئەوەش کاتێک هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کرد لە بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی لەلایەن ئەمریکاوە.
دوای راگەیێندراوەکەی رۆژی هەینی، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و تێچووی بیمەی مەترسیی جەنگیش دەستی بە دابەزین کرد. بەڵام بە گوتەی سەرچاوەکانی کەشتیوانی و بیمە، تیچووی بیمە لەو کاتەوە دیسان بەرزبووەتەوە و لە 2٪ـی بەهای کەشتییەکەوە گەیشتووەتە نزیکەی 3٪.
تەنگەی هورمز 20٪ـی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت و بەهۆی داخرانیەوە، نرخی وزە و سووتەمەنی بەرزبوونەتەوە.