بانکێکی نێودەوڵەتی: داخرانی هورمز نرخی نەوت دەگەیێنێتە 130 دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ 

دامەزراوەی بانکیی سیتی گرووپی ئەمریکی دەڵێت، ئەگەر هاتووچۆی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز بۆ مانگێکی دیکە دەستپێنەکاتەوە، دەکرێت نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتەوە 110 دۆلار.
 
دامەزراوەکە رایگەیاندووە، ئەگەر ئەو رێڕەوە گرنگەی کەشتیوانی بۆ چوار هەفتەی دیکەش دابخرێت، راگیرانی بڕی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان و زیانی کۆگاکان، دەگاتە نزیکەی 1.3 ملیار بەرمیل.
 
سیتی گرووپ دەڵێت، تەنانەت ئەگەر ئەم هەفتەیە درێژکردنەوەی ئاگربەست واژۆ بکرێت و لەگەڵیدا هاتووچۆی کەشتیوانی لە هورمز و بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەکی پلەبەندی تاوەکو مانگی ئایار دەستپێبکەنەوە، هێشتا پێشبینی دەکات نەوتی خاوی کۆگاکراو و بەرهەمە نەوتییەکانی جیهان بە بڕی نزیکەی 900 ملیۆن بەرمیل کەمببێتەوە.
 
بەپێی بانکەکە، ئەم زیانە پێکدێت لە 500 ملیۆن بەرمیل کە پێشتر لەدەستچووە و 400 ملیۆن بەرمیلی دیکە کە بەهۆی دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانەوە دروست دەبێت.
 
بانکی سیتی گرووپ هۆشداریش دەدات لەوەی، داخرانی هورمز بۆ دوو مانگی دیکە، دەتوانێت نزیکەی 1.7 ملیار بەرمیل لە بازاڕەکان دووربخاتەوە و نرخی بەرمیلێک نەوتیش بۆ 130 دۆلار بەرزبکاتەوە.
 
ئەو دامەزراوەیە دەشڵێت، ئەگەر ئەم هەفتەیەش ئاگربەست بکرێت لەنێوان ئێران و ئەمریکا، پێشبینی دەکات نەوتی کۆگاکراو و سووتەمەنی لەسەر ئاستی جیهان، لە مانگی حوزەیراندا بگاتە نزمترین ئاستی هەشت ساڵی رابردوو و پڕکردنەوەی کۆگاکانی نەوتیش زیاتر لە دوو ساڵ دەخایەنێت.
 
لەدوای شەڕی ئێران لە 28ـی مانگی شوبات، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە 70 دۆلارەوە گەیشتە نزیکەی 120 دۆلار. 
 
بەهۆی داخرانی هورمزەوە، هەناردەی نزیکەی 15 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە وڵاتانی کەنداوەوە راگیراوە، بەمەش نرخی وزە و سووتەمەنی لە جیهاندا بەرزبووەتەوە.